کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوڵاتی فینــــلاند سیمینارێک بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو

22:59 - 11 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: بەڕێوەچوونی یادی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ فینلاند بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی مارسی 2013ی زایینی بەرامبەر بە 10ی خاکەلێوەی 1392ی هەتاوی لەشاری تورکوو لەوڵاتی فینــلاند سیمینارێک بۆ بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی نووسەر و مێژووناس لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ فینــلاند پێک هات.
سەرەتای سیمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب بە تەک نەوازی هونەرمەند رەشید فەیزی نژاد و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆمیتەکانی ژنان و لاوانی دێمۆکرات ـ فینلاند لەلایەن بەڕێز هۆگر عەلیپوورەوە پێشکەش کرا.

لەپەیامی کۆمیتەدا هاتبوو: لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و هاورێیانی لووتکەی هێرش بۆ سەر کوردستان و دوژمنایەتی لەگەڵ مرۆڤی کورد لە قەڵەم دەدرێ، چونکە رێژیمی پاشایەتی چاک لە رۆڵی رێبەر و رێبەری لە ناو گەلی کورد دا ئاگادار بوو و بەو کارەی دەیهەویست هێزی بڕوا بەخۆبوون، کۆنسێنسووس و پێکەوەسازانی چین و توێژەکانی نەتەوەی کورد، هەستی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان و رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ خاشەبەڕ بکات.
لە درێژەی ئەو پەیامەدا نووسرابوو، ئەمرۆ ٦٦ ساڵ دوای لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاورێیانی، ویستی رزگاری نەتەوایەتی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ، رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤ، یەکسانی کۆمەڵایەتی و کۆنسێنسۆز و پێویستی یەکگەیشتنی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی بووتە نرخێکی سەرانسەری لە کوردستان.

دواتر چەند پەیامێک لەلایەن نوێنەرانی حیزب و رێکخراوەکان خوێندرانەوە کە برێتی بوون لە:

ـ پەیامی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

ـ پەیامی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ـ كجمیتەی فینـــــلاند

ـ پەیامی كجمیتەی رێكخستنی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لە فینلاند
دوای پێشکەش کردنی پەیامەکان، پەخشانێک لەلایەن بەڕێز فازڵ سوڵتانپەناه ەوە پێشکەش کرا. و کۆتایی بەشی یەکەمی سیمینار سروودی ئەی شەهیدان بوو بە دەنگی هونەرمەند رەشید فەیزی نژاد.

بەشی دووهەمی سیمینار تەرخان کرا بوو، بۆ بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی نووسەر و مێژووناس، ناوبراو باسەکەیان لەسەر كۆماری كوردستان و پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی پێشکەش کرد.
سوڵتانی سەبارەت بە مێژووی سەردەمی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا ئاوڕێکی لەسەر هاوڕێیانی پێشەوا و ئەو بەڵگانەی باس لەو راستیانە دەکەن کە ئایا کۆماری کوردستان کە پێشەوا و هاوڕێیانی گیانیان لەپێناودا بەخت کرد، ئەو کۆمارە دەستکردەی سۆڤیەت بوو یان ئیرادەی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی نەمر پێشەوا بوو. بەڕێزیان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی کە باس لەو سەردەمە دەکەن پێی وا بوو کە کۆماری کوردستان ئێرادەی گەلی کورد بوو کە دەیانویست چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن.
بەڕێز سوڵتانی باسی لە هاوڕێیانی پێشەوا کرد کە پێش پێشەوا شەهید کراون ئەوانیش شەهیدانی شاری سەقز و بۆکان بوو و هەروەها ئاوڕیشی لەسەر ئابووری کۆماری کوردستان دایەوە، کە لەسەردەمی کۆمار، دامەزرێنەرانی کۆمار هەوڵیان دابوو بۆ بەهێزکردنی سوپای کۆماری کوردستان و پێیان وابوو کە دامەزرێنەرانی کۆمار پلانی درێژ خایەنی ئابووریان بۆ درێژەدان بە کۆمار داڕشتبوو.

بەشی کۆتایی سێمینارەکە پرسیار و وەڵامدانەوە بوو کە ئامادەبووانی سێمینارەرا و تێبینییەکانیان باس کرد.