کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەپارلمانی سوید سیمینارێك لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئێران بەڕێوە چوو

15:05 - 15 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سیمینارێك لەسەر هەڵبژاردنی سەركۆماری و شۆراكانی رێژیمی ئێران لەپارلمانی سوید بەڕێوە چوو و نوێنەری حیزبی دێمۆكرات یەكێك لەكۆڕگێڕانی سیمینارەكە بوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەتای سیمینارەكە شادیە حەیدەری ئەندامی پارلمانی سوید لەلایەن حیزبی سوسیال دێمۆكراتی سویدەوە، ئامانج لەبەڕێوەبردنی سیمینارەكەیان شی كردەوە و پاشان كارینا هێگ ئەندامی پارلمانی سوید و ئەندامی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پارلمان، باسێكی لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشكەش كرد.
لەدرێژەی سیمینارەكەدا عەلی عەبدێلزادە، نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران باسی سیاسەتی حیزبی دێمۆكراتی لەپێوەندیی هەڵبژاردنەكان پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە حیزبی دێمۆكرات هەموو كات هەوڵی داوە كە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەدەوری یەك كۆ بكاتەوە.

نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەدرێژەی باسەكەیدا وتی: رێفۆرم لەئێران هیچ مانایەكی نیە چوون بە پێی یاسا و سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئیمكانی نیە.

عەلی عەبدێلزادە هەروەها وێڕای ئاماژە بە هاوكات بوونی هەڵبژاردنی سەركۆماری و هەڵبژاردنی شۆراكان وتی: رێژیم بۆیە ئەم دوو هەڵبژاردنە لەیەك كات ئەنجام دەدا بۆ ئەوەی خەڵكی زۆرتر بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و دەنگ بدەن.

دواتر نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان و هەروەها نوێنەری كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ ناسر بۆلەیدەیی، را و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و پرسی كورد لە ئێران دەربڕی.
ئەو سیمینارە لە لایەن تۆڕی كورد ـ سوسیال دێمۆكرات رێكخرابوو و تێیدا چەند پارلمانتاری سویدی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەشدار بوون.