کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ کرایەوە

21:33 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لە سێ بڕگەی جیاوازدا لە سەر گڵکۆی شەهیدان، کردنەوەی پیشانگای وێنەی شەهیدان و ساڵۆنی گشتیی رێوڕەسمەکانی حیزب، بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لە بنکەی سەرەکیی حیزب بە بەشداریی بەرێز \'\'مستەفا هیجری\'\' لێپرسراوی گشتی حیزب و ئەندامانی ناوەندیی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و کادر و پێشمەرگە و میوانان و بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە لە بڕگەی یەکەمدا به ڕێژەی نیزامیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرە و گڵکۆی شەهیدان دەستی پێکرد و لە سەر گڵکۆی شەهیدان دوو سروود لەژێر ناوەکانی \'\'ئەی شەهیدان\'\' و \'\'مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم\'\' لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە خوێندرایەوە.

دواتر \'\'مستەفا هیجری\'\' لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو بنەماڵەی شەهید، خاتوو شکۆفه مستەفایی هاوژینی شەهید کاک سەید ڕەزا درووگەر و دایکی شەهید هێمن مەولان‌نژاد خوشکە ئایشێ حەمەجانی، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفادارییان لە سەر گڵکۆی شەهید کاک سەید سەلام عەزیزی دانا.

پاشان پێشانگای وێنەی شەهیدان لە لایەن \'\'مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و بەڕێزان شکۆفه مستەفایی و ئایشێ حەمەجانی بە ڕووی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەدا کرایەوە.

سێهەم بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز مامۆستا ئەحمەد ڕەحیمی بەرپرسی کۆمیسۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی پیشەوا قازی محەممەد لە سەر بزووتنەوەی کوردستان کرد و باسی لەوە کرد کە هەموو ژیانی پێشەوا شیاوی دەرس لێوەرگرتن و لێفێربوونە.

لە بەشێک لە پەیامەکەیدا وتی: ئێمە لە ڕابردوودا و تا هەنووکەش لە خەباتێکی قورس و قایم و خوێناویدا بووین و هەین بەدژی زوڵم و زۆر و چەوسانەوە کە تێیدا بە دەیان ڕێبەر و هەزاران کادر و پێشمەرگە گیانیان پێشکەش بە بارەگای بەرزی ئازادی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشدا هاتبوو: لەم خەباتەدا کە ئەگەرچی بە بێ تێچوو نابێ بەڵام پشت ئەستوور بە میراتی بەجێماوی شەهیدانمان و بە فیداکاری و ئازایەتی پێشمەرگەکانمان و پشتیوانی بێ درێغی خەڵکەکەمان دڵنیاین کە سەردەکەوین و گیانی پاکی شەهیدەکانمان ئاسودە دەکەین.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا سروودێک لەژێر ناوی شەهید لە لایەن کۆڕی موزیکی حیزبەوە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا هۆنراوەیەک لەژێر ناوی سەردارەکەی سەردار لە لایەن هاوڕێی پێشمەرگە، جەماڵ فەتحی خوێندرایەوە.

پاشان سروودی شەهید لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوەڕەسمەکە کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا بەستە و مەقامێک لە لایەن هونەرمەندان غوڵام فاتحی و نیزام سەجادی پێشکەش کرا.