کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی دەسبەسەر كرانی برایانی كوردپوور بۆ جاری دووهەم درێژ كرایەوە/ خوسرەو مانی لەخواردن گرتووە

18:54 - 10 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٥٥ رۆژ لەدەسبەسەر كرانی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور، ماوەی دەسبەسەركردنەكەیان بۆ جاری دووهەم و بۆ ماوەی یەك مانگی دیكە درێژ كرایەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ماوەی ١١ رۆژە خوسرەو كوردپوور رۆژنامەنووس و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی موكریان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لەشاری ورمێ‌مانی لەخواردن گرتووە.
كەماڵ حوسێنی هاوكاری ئاژانسی هەواڵی موكریان رایگەیاند، چەند رۆژ لەمەوبەر موزەیەن پارێزەری برایانی كورد پوور سەردانی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادی كردووە وداوای لە سەر دۆزگەری دۆسیەی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور کردووە كە ئیزنی پێبدرێت سەردانیان بكات، بەڵام لەلایەن ئەو ناوەندەوە ئیزنی پێ‌نەدرابوو.
كەماڵ حوسێنی وتیشی: پارێزەری كوردپوورەكان داوای لەبازپرس كردووە كە ئەو دوو رۆژنامەنووسە بە وەسیقە ئازاد بكرێن، بەڵام ئەو داواكاریەش دژایەتی لەگەڵ كراوە.

حوسێنی ئاشكراشی كرد، ماوەی دەسبەسەركرانی خوسرەو و مەسعوود بۆ یەك مانگی دیكە درێژ كراوەتەوە.
هەنووكە دۆخی جەستەیی ئەو دوو رۆژنامەنووسە بەرەو خراپی روێشتووە و بەپێی دوایین زانیارییەكان كێشی مەسعوود كوردپوور زۆر كەمی كردووە و خوسرەویش لەمانگرتنەكەی بەردەوامە.

دۆخی ناڕوونیی ئەو دوو چالاكیی مافی مرۆڤە نیگەرانی لای بنەماڵەكانیان دروست كردووە.