کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی دەسبەسەرکرانی برایانی كوردپوور لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بۆ یەك مانگی تر درێژ كرایەوە

23:30 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ماوەی دەستبەسەر كران(قەرار بازداشت)ی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور دوو رۆژنامە نووسی كورد، لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بۆ ماوەی یەك مانگی دیكە درێژ كرایەوە.
لەدەسبەسەر كرانی ئەو دوو رۆژنامە نووس و چالاکی مافی مرۆڤە ٣٤رۆژ تێپەڕ دەبێ و هەتا ئێستا چارەنووسی دۆسییەكانیان لەلایەن دەزگا قەزاییەكانەوە روون نەكراوەتەوە و سەرەڕای ئەوانە ماوەی دەسبەسەر کرانیان بۆ ١ مانگی تر درێژ کرایەوە.
بەپێی یاسای دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێران هەر هاووڵاتییەك كە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە دەسبەسەر دەكرێت پێویستە هەتا ٢٤كاتژمێر تەفهیمی ئێتهام بكرێت.
هەر بەپێی یاساكانی دەزگا قەزاییەكان، ئەو كەسەی كە حوكمی قەرار بازداشتی هەیە دەبێ لە زیندانی گشتیدا و لە ژێر چاوەدێری دادوەری نازردا رابگیرێت و ئەمە لەحاڵێكدایە كە برایانی كوردپوور لەیەكەم رۆژی دەسبەسەركرانیانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراون.
لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا وێڕای تیشک خستنە سەر ئەو یاسایە، بڵاوی كردۆتەوە، ئەو كەسەی كە دەسبەسەر دەكرێت یەكەم جار حوكمی یەك مانگ قەرار بازداشتی بۆ دەردەكرێ و لە قوناغەكانی دیكەدا و بەپێی تاوانەكان دەكرێ ئەو حوكمە هەتا چوار مانگ درێژ بکرێتەوە.
برایانی كوردپوور رێكەوتی ١٧و ١٨ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد دەسبەسەر كران و دوای سێ حەفتە راگرتنیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێكەوتی ٨ی خاكەلێوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ورمێ راگوێزران.