کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد سەدیق كەبوودوەند: رێكاریی ئەمنیەتی ناتوانێ‌رێگا چارەی پرسی كورد لەئێران بێت

14:34 - 11 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: بەرپرسی دەسبەسەركراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەزیندانی ئێوینەوە لەپەیامێكدا رایگەیاندووە، پێویستە رێژیمی ئێران لەباتی هەڵسوكەوتی ئەمنیەتی، رێگای سیاسیی بۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ كوردستان بگرێتە بەر.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، محەممەد سەدیق كەبوودوەند لەپەیامێكدا رایگەیاندووە، خەڵكی كورد لەئێران مافی تایبەت بە خۆیان هەیە و كەس ناتوانێ‌نكۆڵی لێ‌بكات، بەڵام دەوڵەتی ئێران لەژێر ناوی دابین كردنی ئەمنیەت ئەو مافەی لەخەڵكی ستاندووە و تەنانەت نكۆڵیشی لێدەكات.
كەبوودوەند وتوویەتی: ماف و ئازادییەكانی نەتەوەی كورد كە لەراستای رێككەوتنامەكانی مافی مرۆڤ دایە، نەتەنیا ئەمنیەتی هیچ نەتەوە و دەوڵەتێكی نەخستۆتە ژێر مەترسییەوە، بەڵكوو بەپێچەوانە زامنی پاراستنی مافی مرۆڤ و دابین كردنی ئاشتی و ئارامیشە.
بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان ئەوەشی خستۆتە روو، كوردەكان لەمێژ ساڵە لەئێران لەپێناو ئازادیدا خەبات دەكەن و قوربانیشیان داوە و لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە زیاتر لە ٣٠هەزار هاووڵاتیی كورد كوژران و بریندار كران و زیاتر لە سەدان كەس بەشێوەی نهێنی و ئاشكرا ئیعدام كران و هەزاران كەسیش دەسبەسەر و زیندانی و ئەشكەنجە كران.
كەبوودوەند لەدرێژەدا وتوویەتی: لەلایەكی دیكەوە سەرەڕای ئەو رێژەیە لە گرتن و كوشتن و ئیعدام كردنانە، لەپارێزگاكانی كوردستان لەماوەی هەڵگیرسانی شەڕدا نزیك بە ٢٠ هەزار كەس كوژران و چەند قاتی ئەو رێژەیەش بریندار و پەرتەوازەی دەرەوەی ئێران بوون.
ئەو چالاكی مافی مرۆڤە وتیشی: خەڵكی كورد رەنج و زوڵمی زۆری لەئێران چێشتووە و شیمیایی باران، بۆمباران، كوشتنی ژنان و منداڵان لە كوورەخانەكان، كوشتاری قارنێ‌و قەڵاتان بەشێكن لەو زوڵم و زۆریانە كە بەجەنایەتی جەنگیش دێنە ئەژمار.
محەممەد سەدیق كەبوودوەند لەپەیامەكەیدا ئەوەشی خستۆتەروو، دوای تێپەڕینی سێ‌دەیە و نیو لە شۆڕشێك كە خەڵكی كورد چاوەڕوانی ئەوە بوون لەدەست سەرەڕۆیی و زوڵم و زۆری رزگارییان بێت، ئێستاكە نەك كە بەمافەكانیان نەگەیشتوون بەڵكوو نكۆڵی لە ماف و ئازادییەكانیشان دەكرێت.

كەبووندوەند لەو باوەڕەدایە، هەتا ئێستا روانینی ئەمنیەتی بەسەر كوردستاندا زاڵە و ئەو رێكارە نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت و خەڵكی كوردیش بەو ئاسانیانە دەست لەمافەكانیان هەڵناگرن.