کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لە نامەیەکدا دەستخۆشیی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەرانی فیدراڵی ئەمریکا کرد

15:35 - 6 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبیی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ خەڵاتکردنی پارێزەرانی دادگای میکۆنۆس لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی فیدراڵی ئەمریکاوە، نامەیەکی ئاراستەی ئەو ئەنجومەنە کرد.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەرانی فیدراڵی ئەمریکا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی ٦٨ ساڵە بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی دێموکراتیک و دابینبوونی مافە سیاسی ـ نەتەوەیی‌یەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران خەبات دەکا و لەو پێناوەدا بە هەزاران تێکۆشەری سیاسیی خۆی لەسەردەمی دەسەڵاتداریی رێژیمی پاشایەتی و دوای ئەو لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لەدەست داوە. دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی کەلە رێکەوتی ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ لە رێستورانی میکۆنۆس لە شاری بێرلینی پایتەختی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستانی نێردراوی رێژیمی تاران تیرۆر کران، چەند کەسێک بوون لەو هەزاران کەسە.
دوای کار و تێکۆشانی بێ‌وچانی نیزیک بە ٣ ساڵی دادوەرەکانی دادگای بێرلین، بەڕێوەبەرانی ئەم تاوانە لە دادگادا بە سزای کردەوە تاوانکارییەکانیان گەیشتن و زیاتر لەوەش ئەو دادوەرە بوێرانە ملکەچی هەڕەشە و تەماح وەبەرنانی هیچ لایەنێک نەبوون و بەشێوەی فەرمی ‌و لە حوکمێکی مێژووییدا ئەو راستییەیان راگەیاند کەلە لووتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی واتە رێبەری رێژیمی ئێران، سەرکۆمار و سەرۆکی دەزگای زانیاریدا پلان بۆ ئەو تیرۆرە دارێژراوە ‌و فەرمانی بەڕێوەبردنی بۆ دەرکراوە.

ئاکامی کاری دادگا و راگەیاندنی ئەو ئاکامە، یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە زەنجیرە تیرۆرەکانی لە دژی ئازادیخوازانی ئێران لە نێو وڵاتانی رۆژئاوایی بێنێ و بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران جێگای دڵخۆشی بوو. بە تایبەت بەهۆی ئەوەی سێ‌ ساڵ پێش لە تیرۆری بێرلین، سکرتێرێکی دیکەی حیزب، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەر لەلایەن ئەو حکوومەتەوە لە رێکەوتی ١٣ی جوولای ١٩٨٩ ‌و لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەران و نێردراوانی رێژیمی تاران، لە ڤییەن پایتەختی ئوتریش تیرۆر کرا ‌و بەداخەوە دەزگای دادی ئوتریش نەک هەر تیرۆریستەکان کە لەبەر دەستیدا بوون سزای نەدان، بەڵکوو بۆ خۆی ئەوانی رەوانەی تاران کردەوە و لەوێ‌ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە خەڵات کران.

ئێستا کە بە بڕیارێکی بەجێی ئێوە، دادستـێنەکانی ئەو کاتی دادگای برلین بەهۆی بەجێ‌گەیاندنی ئەرکی پرۆفیشناڵیان لە کاری دادوەریدا خەڵات دەکرێن، ئێمە زیاتر خۆشحاڵین. بەو بۆنەوە لەلایەن خۆم و حیزبەکەم و دەتوانم لەلایەن نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لەو دادستانە بەڕێزانە بکەم بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە کە شیاوی خەڵات پێدانن. هەروەها پیرۆزباییش لە ئێوە بەڕێوەبەرانی ئەم ئەرکە واتە بەخشینی خەڵات بە دادستێنەکانی بوێری دادگای ناسراو بە میکۆنۆس بکەم بەهۆی ئەو پێشدەستییە شیاوە نوێ‌یەی کە نواندوتانە و سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەشتان بکەم.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٢٥/٠٢/٢٠١٤