کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مورسی روو لە ئێران: هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداو، هەڕەشە لە وڵاتی میسرە

12:51 - 14 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: محەممەد مورسی سەرکۆماری میسر، وێڕای پێشنیاری پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی وتی: ئەمنیەتی کەنداو بە واتای ئەمنیەتی وڵاتی میسرە.
هەواڵدەریی فەرمیی وڵاتی کویت بڵاوی کردەوە، سەرکۆماری میسر لەسەر گرینگی تەناهیی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەو وڵاتە پێداگریی کردووەتەوە و وتوویەتی: قاهیرە زیان گەیاندن بە تەناهیی کەنداو و وڵاتانی باشووری ئەو کەنداوە و هەروەها تێکڕای وڵاتانی عەرەبی قبووڵ ناکات.
سەرکۆماری میسر سەبارەت بە هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران لەدژی وڵاتانی کەنداو ئاشکراشی کرد، میسر مانگی فێورییەی داهاتوو خانەخوێی دانیشتنی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی دەبێت و لەو پێوەندییەدا قاهیرە پەیامێکی روون و ئاشکرا بۆ ئەم دانیشتنە دەنێرێت کە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە بکات.
مورسی پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە سەقامگیریی باری ئەمنیەتی، ئامانجی تێکڕای وڵاتانی عەرەبییە.

لەلایەکی دیکەشەوە عیسام ئەلعوریان، یەکێک لە راوێژکارەکانی موحەممەد مورسی بە رۆژنامەی شرق الأوسطی راگەیاندووە: هەتا ١٠ ساڵی دیکە وڵاتی ئیسراییل بە تەواوەتی لە ناو دەچێت و فەلستین ئازاد دەکرێت.
ئەم راوێژکارەی سەرکۆماری میسر هەروەها وتی: جووەکانی ناوچە دەبێ بۆ وڵات و زێدی خۆیان ئەو وڵاتانە لە لێوە هاتوون، بەگەڕینەوە.
ناوبراو لەسەر چۆنیەتیی لە ناوچوونی ئیسراییل هیچ لێدوانێکی نەداوە.