کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میاندواو/ دوو هاووڵاتیی کورد لە کاناڵەکانی راگواستنی ئاودا خنکان

22:06 - 30 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کورد لە کاتی مەلەکردن لە کاناڵێکی راگواستنی ئاوی یەکێک لە گوندەکانی میاندواو خنکان.
ماڵپەڕەکانی نێوخۆی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە کە یەکێکیان خەڵکی گوندی \'\'سوگوڵی\'\'ی میاندواو و ئەو دیکەش خەڵکی گوندێکی سەربە شارستانی بۆکان بووە لە کاتی مەلەکردندا خنکاون.

حەفتەی رابردووش هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە لە کاتی تێپەڕبوون لە نزیک ئەو کاناڵەدا، بۆ نێو ئاوەکە بەر بووەوە و گیانی لە دەست دا.

هۆکاری خنکانی ئەو هاووڵاتییانە، ئاشنا نەبوون بە تەکنیکەکانی مەلەکردن راگەیەنراوە.

بەگوێرەی ئاماری پزیشکیی یاسایی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران (ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام) ٦٨ هاووڵاتیی کە ١١ کەسیان ژن و ٥٧ی دیکەش لە رەگەزی پیاو بوون، لە ئاوی رۆخانە و بەنداوەکاندا خنکاون.

نەبوونی هێمای ئاگادار کەرەوە، نەبوونی مەلەوانی رزگارکەر لە چۆم و بەنداوەکان و هەروەها نەبوونی مەلەوانگەی تایبەت لە ژمارەیەک لە شارکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی مردن بەهۆی خنکان لە کوردستانی ئێران دان.