کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزەکردنی کوردستان لە سەروبەندی ساڵرۆژی شەهیدبوونی دوکتورشەرەفکەندی و هاورێیانی

14:25 - 26 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهید کردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی، بە زیاد کردنی ژمارەی هێزە نیزامییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان و شارەکانی کوردستان، دۆخێکی توندوتۆڵی ئەمنییەتی بە سەرکوردستاندا زاڵ کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم چەند رۆژی دواییەدا لە سەروبەندی بیست‌ودووهەمین ساڵڤەگەری تیرۆری میکۆنووس و شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی وهاورێیانی، رێژیمی ئێران کەشێکی ئەمنییەتی و نیزامی بە سەرشارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە و هاتوچۆی هاووڵاتییان لە ژێر چاودێری دایە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، شاری مەریوان لەلایەن هێزە لیباس‌شەخسییەکانی رێژیمەوە بە چڕی تەندراوە و میلیتاریزه کراوە.

هاووڵاتییەکی کورد لەم پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاندووە: هێزەکانی رێژیمی ئێران تەواوی هاتوچۆی هاووڵاتییانی کوردی لە ژێر چاوەدێری گرتووە و لە کۆبوونەووەی چەند کەسی پێشگیری دەکەن.

ئەو هاووڵاتییە هەر لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کرد کە هێزەکانی رێژیم ناوی چەندین کەس لە لاوانی خەڵکی مەریوانیان کەلە پارکی مەیدانی ئەو شارە دانیشتبوون تۆمار کردووە و دواتر بڵاوەی پێ کردوون.

هەر لەو پێوەندیەدا شاری رەبەت و ناوچەکانی دەورووبەری لەلایەن هێزەکانی ریژیمەوە میلیتاریزە کراون و هاتوچۆی دانیشتوانی ئەم دەڤەرە کەوتووەتە ژێرچاوەدێری و کۆنتروڵی رێژیمەوە.

ساڵانە لە سەروبەندی بۆنە تایبەتیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هێزەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئێران شار و ناوچە کورد‌نشینەکان دەخەنە ژێرچاوەدێری و ئەو ناوچانە میلیتاریزە دەکەن.