کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مین دوژمنێكی شاراوە لەكوردستان/ هاووڵاتییەكی مەریوانی بەهۆی تەقینەوەی مین بوو بە قوربانی

18:18 - 27 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی ناوچەی مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لاقێكی لەدەست دا.
رەحیم كەریمی خەڵكی ئاوایی بەردەرەشەی مەریوان بە هۆی كەوتنە سەر مین بە توندی بریندار بوو و لەئەنجامدا لاقێكی لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی مهریش بڵاوی كردۆتەوە، ئەو هاووڵاتییە لەحاڵی حازردا لەنەخۆشخانەی شاری مەریوانە.
دوای تەواو بوونی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان عێراق و رێژیمی ئێراندا هێشتا دوژمنێكی شاراوە بەناوی مین مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەكانی ورمێ‌، ئیلام، كرماشان و كوردستان.
ئەو چوار پارێزگایە زیاترین رووداوی مین تێیاندا روو دەدات و زۆربەی قوربانییانی مین لە گوندەكان رووی داوە كە بەدوای بژیوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی رێژیمی ئێران ــ عێراقن.
چەند رۆژ لەمەوبەریش هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ئاوایی خورخورەی سەرشیوی سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار ببوو.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵەیە لە مووچەكەی خۆیان سەرقاڵی چاندنی نەمام بووە و لە ئەنجامدا كەوتۆتە سەر مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق.
بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.