کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مین مۆتەکەیەکی هەمیشە لە بۆسە، بۆسەر هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵات

16:35 - 7 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: دوای تەواو بوونی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان عێراق و رێژیمی ئێراندا هێشتا دوژمنێکی شاراوە بەناوی مین مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەکانی ورمێ‌، ئیلام، کرماشان و کوردستان.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئاوایی خورخورەی سەرشیوی سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵەیە لە مووچەکەی خۆیان سەرقاڵی چاندنی نەمام بووە و لە ئەنجامدا کەوتۆتە سەر مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق.
بەپێی زانیارییەکان ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەکان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، کوردستان و ورمێ‌ بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.
ئەو چوار پارێزگایە بەپێی ئەو بارودۆخەی کە باس کرا زیاترین رووداوی مینیش تێیدا روو دەدات و زۆربەی قوربانییانی مین لە گوندەکان رووی داوە کە بەدوای بژیوی ژیان کەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و کرێکار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەکان کە پاشماوەی شەڕی رێژیمی ئێران ــ عێراقن.
هەتا پێش ساڵی ١٣٦٨، ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە ئێران کوژراون و زیاتر لە ٩٠%ی قوربانییانی مین هاووڵاتییانی غەیرە نیزامی بوون.
رێکخراوی یوونیسێف، وڵاتی عێراق و سنوورەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئێرانی وەک پڕ مین ناوچەی دونیا ناودێر کردووە و رێژەی مینی چێنراوی دژە نەفەر زیاتر لە ٢٠ میلیۆنە کە ١٠٠٠ کیلۆمیتر لە خاکی عێراق مین رێژە و ئەوە جێگای مەترسییە و بەشێکی زۆری خاکی عێراق هاوسنووری ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە.
زەوی و زار و خاکی شارە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران وەک: مێهران، دێهلۆڕان، قەسر شیرین، نەفت شار، سۆمار، جوانڕۆ، گیلانغەرب، پاوە، مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و بەشێک لە ورمێ‌، بە رووبەری ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار بە مین ئالوودەن و زیاترین روودا و قوربانییان لێ دەکەوێتەوە.
بەپێی ئاماری یوونیسێف لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاویەوە هەتا ‌١٣٨٤‌، لە پارێزگای کوردستان ٣٣٧ رووداوی تەقینەوەی مین رووی داوە کە سەرجەم ٣٠١ کەس کوژراوە و ٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام باس لە هەڵگرتنەوە و پاکسازیی مین لە ئێران و بەتایبەت کوردستان دەکەن، بەڵام شایەتی دووپاتبوونەوەی رووداوەکانین.
مستەفا محەممەد نەجار ساڵی ١٣٨٥ کە نوێنەری تایبەتیی سەرکۆمار بۆ کارۆباری خاوێن کردنەوەی کێلگەکان لە مین بوو، لە سەردانێک بۆ کوردستان بەڵێنیی ئەوەی دا کە هەتا ساڵی ١٣٨٦‌ی هەتاوی کوردستان لە مین پاک دەکەنەوە.