کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە ئابدانان بەهۆی پێوەدانی دووپشک گیانی لە دەست دا

15:58 - 16 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە بەخشی موورمووریی شارستانی ئابدانان سەربە پارێزگای ئیلام، پێوەدانی دووپشک گیانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵەی ستاند.

ماڵپەڕەکانی پارێزگای ئیلام بڵاویان کردووەتەوە، ئارمین محەممەدیان ناوی ئەو لاوە تەمەن ١٥ ساڵەیە کەلە گوندی \'\'ئاو ئەناری\'\' سەربە بەخشی موورمووریی ئابدانان، پاش پێوەدانی دووپشک لە بنکەیەکی تەندروستیی شاری ئیلام گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە وتوویەتی: ژەهری ئەو دووپشکە هێندە بەهێز بوو کە سەرەرای هەوڵێکی زۆر نەماتوانی گیانی ئەو مێرمنداڵە رزگار بکەین.

ئەو پزیشکە هۆکاری مردنی ئەو مێرمنداڵەی بۆ کەمیی ئیمکاناتی پزیشیکی لە ئیلامدا گەڕاندووەتەوە.

زیادبوونی رێژەی بارین و چڕبوونەوەی پووششی روەکی، ژمرەی دەعبا و خزۆکە مەترسیدارەکانی زیاد کردووە و ئەمەش رووداوەکانی لەو چەشنەی لەو بەخشەی شارستانی ئابدانان زیاتر کردووە.

گوندی \'\'ئاو ئەنار\'\' لە ٦٠ کیلۆمیتریی باشووری ئابدانان هەڵکەوتووە و دوو هەزار و ٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە.

بەپێی ئامارەکان، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە پارێزگای کرماشان ١٣٣ هاووڵاتی بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشک گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ٢٦ پیاو و ٧ ژن بەهۆی پێوەدانی مار و ١١ پیاو و ١٤ ژن بەهۆی پێوەدانی دووپشک لە کرماشان گیانیان لە دەست داوە.