کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی براکوژی

13:43 - 16 رەشەمه 2716

کەریم پەرویزی

لە مێژووی گەشەکردنی نەتەوەکان و بەتایبەت لە نێو نەتەوەی کوردیشدا بەداخەوە دیاردەی شەڕی خۆ بە خۆ، یان شەڕی نێو خۆ کە لە کولتووری سیاسیی کوردستاندا بە شەڕی براکوژی ناسراوە، دیاردەیەکی بەرچاو و خاوەنی کارنامەیەکی ڕەشی مێژووییە. لە هەر سەردەم و کاتێکیشدا هەردەم کەسان و دەستوپێوەندی و گرووپی واش هەبوون کە بەردەوام فوویان بە ئاگری شەڕدا کردووە و سووتەمەنیی زۆرتیان بۆ هێناوە، تاکوو ئاگرەکەی ماڵوێرانکەرتر بێ!

بەڵام لەم سەردەمە نوێیەدا دۆخ و هەلومەرجی سیاسی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا گەیشتۆتە ئاستێک کە چیدیکە ئەو جۆرە کردەوانە قبووڵ ناکا و هەرجۆرە پەنابردنە بەر شەڕێکی خۆکوژی مەحکووم دەکا.

دووساڵ پێش لە بەرزاییەکانی کێلەشین، تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن گەریلاکانی (پ ک ک) گەمارۆدران و دوای چەندین ڕۆژ پێوەندیی سیاسی و گفتوگۆ، بەداخەوە کێشەکەیان گەیاندە لوولەی چەک و لە شەڕێکی چەند کاتژمێریدا، چەند ڕۆڵەیەکی کورد لە هەردوولا پێکران.

ڕووداوێکی تاڵی مێژوویی بوو، و کارەساتێک بەڕێوە بوو، بەڵام لەسەرهەست بوونی هزری کۆی کوردستان بەگشتی و ڕۆڵی خەمخۆرانی کوردستان لە بواری میدیا و ڕاگەیاندن و سیاسەت، پێشیان بە گەورەکردنەوەی ئاگرەکە گرت و شەڕ ڕاوەستا و دیالۆگ و دانوستان کە دەبوا لە پێشدا چارەسەر بوایە، بەڵام لە بڕگەی دووهەمدا بوو بە چوارچێوەی دیاریکردنی یاساکانی سیاسەت و خەبات.

چەند ڕۆژ پێش لە ئاکامی جووڵانی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژاوا، هێزەکانی سەر بە (پ ک ک) کە بە ناوی دیکەوە لە ڕۆژئاوا و شەنگال هەن، لەگەڵ ئەو هێزەی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوون و دووبارە ئاکامی چەند ساڵ دیالۆگ و دانوستان و ڕێککەوتن و .. کە بنپێ خرابوون، لەو ڕۆژە کارەساتبارەدا دووبارە چارەسەر ئەسپێردرایەوە بە لوولەی چەک، و بەداخەوە چەند ڕۆڵەی کورد لە هەردوولا بوون بە قوربانی و پێکران. بەڵام هەر وەک ڕووداوەکەی کێلەشین، ڕای گشتی و هزری کۆیی کوردستانیان لەسەرهەست بوو، و بە هەڵوێستەوە پێشیان بە گەورەبوونەوەی کارەسات گرت.

دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان زۆر گۆڕاوە و سیاسەت و کاری سیاسی و خەبات و تێکۆشان لە قۆناغێکی دیکەدا کار دەکا. پێویستە کە ئەو قۆناغە نوێیە بناسینەوە و شانازیشی پێ بکەین.

شانازی بەو مانایە کە لە نێو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی و پەرتەوازەیی و گوشار و هەڕەشەی دوژمنانی نەتەوەکەمان و داگیرکەرانی خاک و سیاسەتماندا، ئاستی تێگەیشتنی کوردستان و هزری کۆیی ئەم نەتەوەیە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە کۆمەڵگایەکی هەستەوەر و لەسەر خەتمان هەیە کە خۆبەخۆ پێش بە سەرهەڵدانی کارەساتی نێوخۆیی دەگرێ.

ڕەنگە گرووپ و لایەن و لە نێو هەندی گرووپیشدا دەستی وا هەبن کە فوو بە ئاگری شەڕی ماڵوێرانکەری نێوخۆییدا دەکەن و ئاکامی وەها شەڕێکیش تەنیا ماڵوێرانی هەموو لایەنەکان و سووتانی کوردستانە، بەڵام ڕێگەیان پێ‌نەدراوە کە لە باری هزرییەوە هێژموونییان بە سەر کۆمەڵگادا هەبێ و کوردستان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی لە ڕێگایە سیاسی و دیالۆگەوە هەنگاو دەنێ.

لێرەدایە کە دەبێ وەکوو کوردستانیەک شانازی بەوە بکەین کە لەسەر پێ و بە ئەزموونی خۆمانەوە، خۆماڵیی دیالۆگ و سیاسەتمان کردۆتە ڕێکار و چوارچێوەی چارەسەری کێشەکانمان. دانیشتن لە پشتی مێزی دیالۆگ، مەرگی براکوژیە.