کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورانی رێژیمی ئێران لە هەڵاتنی بکوژانی شەیدا حاتەمی دەستیان هەبووە

14:50 - 12 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: پەرچەکردار و لێدوانی مەئمووران و بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ کوژرانی شەیدا حاتەمی، دەرخەری دەست تێدابوونیان لە کوژرانی ناوبراو دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ پێشگیری لە تاوتوێ‌کردنی شوێنی کوژرانی شەیدا حاتەمی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی ئورمیە و راگواستنی خێرای تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانە لەلایەن مەئموورانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە هۆکارەکانی دەست تێدابوونی مەئمووران و بەرپرسانی رێژیم لە کوژرانی ئەو کچە خوێندکارە دایە.
کەسێکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: شەیدا حاتەمی پاش هاتنە دەرەوە لە حەمامی خەوتنگەی زانکۆ، هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە و ئاسەواری برین لەسەر دەموچاو و قوڕگی ئەو کچە کوردەوە دیار بووە\'\'.
ئەو هاووڵاتییە وتی: مەئموورانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە هاتوچۆی نێو زانکۆیان قەدەغە نەکردووە، کرووکیی شوێنی رووداوەکەشیان تاوتوێ نەکردووە و تەنانەت پشکینیان بۆ دۆزینەوەی بکوژەکانی ئەو کچە خوێندکارە کوردە ئەنجام نەداوە.
بە وتەی ئەو هاووڵاتییە، ئەو هۆکارانە و هەوڵی مەئموورانی رێژیم لەمەڕ شاردنەوە و پەردەپۆش کردنی کوژرانی شەیدا حاتەمی، نیشانەی دەست تێدابوونی مەئمووران لە کوژرانی ئەو هاووڵاتییە دایە.
شەیدا حاتەمی کچی عومەر تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵای بواری \'\'زەوی ناسی\'\'ی زانینگەی نازلووی ئورمیە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، تەرمەکەی لە خەوتنگەی پەیمانگەی ئەندازیاریی کشتوکاڵیی ئەو زانینگەیە دۆزرایەوە.