کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد/ بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان چوار هاووڵاتیی بەتوندی بریندار بوون

19:16 - 10 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردیان داوەتە بەر دەسترێژی گوللـە و لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتیی کورد بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە درێژەی رەوتی تەقەی راستەوخۆ لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە نزیکی گوندی ئوسوو کەندی سەربە شاری مەهاباد، ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژیی راستەخۆی گوللـە.

هاووڵاتییەکی دانیشتوی ئەو ناوچەیە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند ئەو ئۆتۆمبیلەی تەقەە لێکراوە لە جۆری جیپ بووە و هەروەها ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو ماشێنە ٦ هاووڵاتیی کوردی تێدا بووە و چوار کەسیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنووریی و جاددەکان دەدەنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گوللـە و بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان هاووڵاتی دەکوژرێن و بریندار دەبن.

لەم پێوەندییەدا، سەرلە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٧ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی مەڕەخێڵی سەربە شارستانی پاوە کوڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا کوڵبەرێکی کورد بە ناوی پێدرام محەممەدی گیانی لە دەست‌داوە و ٥ کوڵبەری دیکەش دەستبەسەر کران.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنووریی و جاددەکانی کوردستان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار کراون.