کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد/ سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران

16:37 - 19 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد پاش ١٠ رۆژ دەسبەسەرکران، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە راگوێزران.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، دوو هاوڵاتیی کورد کە خوشک و برا بوون و ناسنامەی یەکێک لەوانە عەتا بابایی راگەیەنراوە، ماوەی ١٥ رۆژە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی رێژیم وتەبلیغ بۆ ئایینی مەسیحیەت لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش ١٠ رۆژ دەسبەسەرکران، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگویزران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هاووڵاتییەکی دیکەی مەهابادی کە هاوڕێی خوشکی عەتا بابایی بوو، ١٥ رۆژ پیش ئێستا لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

هاوسەری هاوڕێی خوشکی عەتا بابایی بەهۆی گوشاری دەروونییەوە، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هەروەها ساڵی رابردووش ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە دەسبەسەر و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوون.