کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نارەزایەتیی هاووڵاتییانی کورد لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی رێژیم لە مزگەوتەکان

21:01 - 3 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مزگەوتی گوندەکان، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی شارستانی رەبەتی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا،لە ماوەی نیوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە، ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران لە مزگەوتی گوندەکانی کوردستان، رێوڕەسمی تایبەت بە حەفتەی ناودێرکراو به دیفاعی موقەددەس بەڕێوە دەبەن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان، سەرەڕای پێشوازی نەکردن و بەشداری نەکردن لەو رێوڕەسمانەدا، لە بەڕێوەبردنی رێورەسمەکانی رێژیم لە مزگەوتەکان و کەڵک وەرگرتن لە مزگەوتەکان بۆ ئامانجە تایبەتەکانی رێژیم، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شارستانی رەبەت لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتی کە دانیشتووانی گوندەکانی ئەو شارستانە لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی تایبەت بە حەفتەی دیفاع موقەددەس لە مزگەوتەکان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا رایگەیاند کە رێژیمی ئێران هیچ بوودجەیەک بۆ دروستکردنی بینای مزگەوت لە گوندەکان تەرخان ناکات و دوای دروستکردنی مزگەوت لە گوندەکان لەلایەن دانیشتووانیانەوە، رێوڕەسمەکانی تایبەت بە رێژیم لە مزگەوت بەڕێوە دەبات.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ناوەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش کۆتایی رێوڕەسمەکان، بێ پاک و خاوێن کردنەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەی رێوڕەسمەکان مزگەوت بەجێ دەهێڵن.