کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی \"ئاواجخ\" لە چاڵدوران کە ٥٠ گوند لە خۆ دەگرێ، لە پزیشکی گشتی بێ‌بەشە

15:29 - 14 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: شاری ئاواجخ کە ماوەی دوو حەوتوویە بووەتە شار و ٥٠ گوندی ئەو ناوچەیەی لەخۆ گرتووە، سەرەڕای سەرما و سۆڵەی توند و نەبوونی رێگەوبان، لە پزیشکی گشتییش بێ‌بەش کراوە.
هاووڵاتییەکی ناوچەی ئاواجخ به هەواڵدەریی ئیسنای وتووە: چەند رۆژە منداڵە ساواکەی و هاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی بوون و دەبێ بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ یەکێک لە شارەکانی ماکۆ، یان چاڵدوران بەڕێیان بکات، بەڵام بەهۆی سەختیی رێگەوبان، دووری ئەو ناوچەیە لە شارەکان، گرانیی کرێ ماشین و ... هتد، بۆ کەسێکی کرێکاری وەکوو ئەو ئەستەم و دژوارە.
ئەو هاووڵاتییە پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە بێ‌بەری بوونی شاری ئاواجخ لە گازی شەهری، لە وەرزی سەرمادا و هاوکات بەهۆی سەخڵەتیی رێگەوبانەکان، لەگەڵ هیچ لۆژیکێکدا ناگونجێ.
ئەم هاووڵاتییە ئاواجخیە وتوویەتی: ئەگەر لە وەرزی سەرمادا بەفر و باران ببارێت و رێگای هاتوچۆمان لێ بگیردرێ، بەبێ پزیشک نازانین چ بکەین و دەبێ خۆمان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو ئامادە بکەین.
فەرمانداری چاڵدوران لەو پێوەندیەدا رایگەیاندووە، کەمیی پزیشکی تایبەت بە ناوچەی ئاواجخ نییە و تێکڕای پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای گرتووەتەوە، بەپێی پێوەرە ستانداردەکان، نەخۆشخانەی شارستانی چاڵدوران دەبێ ١٤ پزیشکی هەبێ، بەڵام ئێستا تەنیا ٦ پزیشک لەو شارستانەدا بوونی هەیە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیمکاناتی پێویست و سەردەمیانە بۆ پزیشکانی ناوچەکانی بێ‌بەش ‌کراوی ئێران و بەتایبەت کوردستان دابین ناکات و هەر بۆیەش پزیشکان خۆیان لە کارکردن لەو ناچانەدا دەبوێرن.
گەمارۆ نیودەوڵەتییەکانی ئورووپا و ئەمریکا بۆسەر ئەو بەشە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نەخۆشخانەکانی ئێران و وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی پزیشکی داناوە.
لەسەدا ٨٠ی خەڵکی ئێران لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانیان کەڵک وەردەگرن کە ئەمەش بەهۆی کەمیی پەرستار و پزیشک و هەروەها دەوا و دەرمان، کێشە و ئاریشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.