کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی وەرزێڕانی پیرانشاری بە پابەند نەبوونی کارخانەی قەندی ئەو شارە بە بەڵێنەکانی

19:30 - 8 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی پێشگرتنی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە بەڕێ کردنی بەرهەمی چەوەندەری جووتیارانی پیرانشار بۆ شارەکانی دیکە و پابەند نەبوونی کارخانەی قەندی ئەم شارە بە بەڵێنییەکانی بۆ وەرگرتنی چەوەندەری ورزێڕان، بەرهەمی جووتیاران لە هەمار و ماشێنە بارهەڵگرەکان ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەپێی بڕیاری بەرپرسی گشتیی کاروباری ئابووری و نێودەوڵەتی رێژیم لە ئورمیە لە کردەوەیەکی چاوەڕوان نەکراودا، هێزەکانی رێژیم لە خاڵی پشکنینی جاددەی پیرانشار ـ نەغەدە پێش بە چوونەدەرەوەی کامیونە بار هەڵگرەکان کە چەوەندەریان پێیە، دەگرن.

بەرپرسی ئەنجومەنی سینفیی وەرزێڕانی پیرانشار لەو بارەیەوە رایگەیاندووە کە کارخانەی قەندی پیرانشار بەرهەمی وەرزێڕەکانی پیرانشار بە نرخێکی کەمتر لە کارخانەکانی خۆی و ئێسفەهان کڕیوەتەوە و جگە لەوە بڕێ پارەکەش بە شێوەی قستی لە ماوەی چەند مانگدا دەدات بە وەرزێڕەکان.

ساڵانە وەرزێڕەکانی پیرانشار زیاتر لە ١٥٠ هەزار تۆن چەوەندەری قەند بەرهەم دێنن و بۆ کارخانەکانی دیکەی دەرەوەی پیرانشاری بەڕێ دەکەن.

چالاک نەبوونی کارخانە بەرهەم‌هێنەرەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی بەرهەمە وەرزێڕییەکانە و بەم شێوەیە گیروگرفت بۆ وەرزێڕانی ناوچە کوردنشینەکان دروست بووە.

وەرزێڕانی کوردی بەرهەم‌هێنەری سێوک لە شارەکانی قوروە و دێولان، شلیک (تووت فەرەنگی) لە سـنە و چەوەندەری قەند لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەرەڕوو دەبن و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە هیچ هەوڵێک لەلایەن رێژیمەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نادرێت.