کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین بەرهەمی وەرگێڕانی \'\'شەریف فەلاح\'\' شاعیر و وەرگێڕی کورد بڵاو کرایەوە

01:51 - 18 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: \'\'نەشتەرگەری شێت\'\' نوێترین بەرهەمی وەرگێـڕانی شەریف فەلاح شاعیر، وەرگێـڕ و لێکۆڵەری ئەدەبیی کورد لە ٢٠٦ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پەرتووکی \'\'نەشتەرگەری شێت\'\' لە نووسینی \'\'یۆرگن تورواڵت\'\' و لە وەرگێـڕانی شەریف فەلاح بۆسەر زمانی کوردی، لەلایەن \'\'خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا\'\'وە لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاو کرایەوە.
نەشتەرگەری شێت دەقی بیروەرەیی نەشتەرگەرێکی ئاڵمانییە کەلە دووتوێی ٢٠٦ لاپەڕە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
شەریف فەڵاح لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ناوەڕۆکی ئەم کتێبە لەسەر ژیان و کاری پزیشکیی نەشتەرگەری ئەڵمانی زائربرووخە کە پڕە لە زانیاریی زانستی و بواری پزیشکی، ئەم کتێبە چارەنووسی ژیان و سەبوردەی کاری نەشتەرگەرێکە کە نەشتەرگەریی بۆ دەیان کەسایەتیی سیاسیی جیهان کردووە و سەدان کەسی لە مەرگ رزگار کردووە و گەلێک داهێنانیشی لەم بوارەدا ئەنجام داوە، بەڵام لە کۆتایی تەمەنیدا تووشی نەخۆشیی لەبیر چوونەوە ئەلزایمر بووە و هەر بۆیە تووشی زۆر گرفت دەبێت\'\'.
شەریف فەلاح شاعیر، وەرگێـڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی، ساڵی ١٣٥٣ لە گوندی گەزنەی سەربە چەمشاری سنە لەدایک بووە و لە بواری ئەدەبییەوە هەتا ئێستا خاونی زیاتر لە ١٠ پەرتووکی نووسین و وەرگێـڕانە.