کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان، سەردانی بونیادی فریدریش ئێبرتی له شاری بێرلین کرد

15:14 - 4 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردانێکدا لەگەڵ بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بونیادی فریدریش ئێبرتی ئاڵمان کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ \'\'هیوا بەهرامی\'\' نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی بونیادی \'\'فریدریش ئێبرت\'\'ی لە شاری بێرلین کرد و لەگەڵ \'\'دوکتور رافائێل هێکسڵ\'\' بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەو دامەزراوەیە کۆبووەوە.
بارودۆخی ئێستای کورد لە کوردستانی ئێران، ئاڵوگۆڕەکانی پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٨ ساڵی پێشووتر بە سەرکۆماریی خاتەمی، دڵخۆشیی هەندێ لایەنی رۆژئاوایی لەو ئاڵوگۆڕە رواڵەتییانەی دەوڵەتی نوێی رێژیمی ئێران، کۆمەڵە بابەتێک بوون لەو دیدارەدا لەلایەن نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وروژێندران.
بونیادی فریدریش ئێبرتی ئاڵمان لە ئاڵمان، وڵاتانی ئورووپایی و زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە بواری پەروەردەی سیاسی و مافی مرۆڤدا پرۆژەی ئاکادێمیک بەڕێوە دەبات و لە پارتی سوسیال دێموکراتی ئاڵمانەوە نزیکە و چەندین بەشی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوین کردووەتەوە.
بەهرامی لەو هاودیتنەدا داوای لە ناوەندی بونیادی فریدریش ئێبرت کرد کە کۆڕێکی ئاکادێمیی تایبەت بە پرسی نەتەوەکانی ئێران پێک بهێنێت.