کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی حیزبی دێمۆكرات لەئاڵمان و دانمارك لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتانە كۆبوونەوە

22:54 - 5 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: نوێنەرانی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی لیبراڵی دانمارك و بەرپرسانی بونیادی فردریش لەئاڵمان دیدار و چاوپێكەوتنیان پێك هێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ٤‌ی پووشپەڕ سەعید سوڵتانپوور نوێنەری حیزبی دێمۆكرات ـ دانمارك لەگەڵ سۆران پیند ئەندام پارلمانی دانمارك و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی لیبراڵ دیداری پێك هێنا.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەر دوو لا لەسەر زۆر بابەتی پێوەندیدار بە پرسی كورد بە گشتی و بە تایبەت لەئێران و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاكامی دوایین هەڵبژاردنەكانی ئێران و دەرەنجامەكانی ئاڵوگۆڕی بیرورایان كرد.
لەلایەكی دیكەوە هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەئاڵمان سەردانی بونیادی فریدریش ئیبرتی لەبێرلین كرد و لەگەڵ خاتوو باربارا ئوبێلە بەرپرسی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبۆوە.

لەو چاوپێكەوتنەدا نوێنەری حیزبی دێمۆكرات باسی باروودۆخی كوردستانی ئێران و نەتەوەی كوردی كرد و ئاماژەی بە نەبوونی هیچ چەشنە دەرەتانێك بۆكاری سیاسیی و رێكخراوەیی لە كۆماری ئیسلامیدا كرد.
هیوا بەهرامی لەو دیدارەدا ئەوەشی خستۆتە روو، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و توندوتیژییەكان تەنیا رووی لە چالاكانی سیاسیی نیە، بەڵكوو ئەو كەسانەش كە تەنانەت لەچوارچێوەی یاساكانی كۆماری ئیسلامیدا لە هەوڵی گەیاندنی دەنگی حەقخوازنەی خۆیانن، بە توندترین شێوە سەركەوت دەكرێن.
كۆشتنی كۆڵبەرانی كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.
بونیادی فریدریش ئێبرتی بێجگە لەئاڵمان لە ئاستی ئورووپاشدا چالاكی هەیە و لەبواری پەروەردەی سیاسیدا سەرقاڵی لێكۆلینەوەن.