کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتیان كرد

16:05 - 9 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتەوە پێشوازییان لێ‌كرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سوكول كوندی بەرپرسی مەكتەبی نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان ‌و برایان ڤیتوینچ لەسكرتاریەتی ئەو رێكخراوە لەنیۆیۆرك ‌و بەشی كار‌وباری سیاسی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و رۆژئاوای ئاسیا لەسەردانیان بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات كۆمەڵێك باس و بابەتیان تاوتوێ‌كرد.

لەو دانیشتنەدا لەسەر كۆمەڵێك پرسی سیاسی لەسەر رەوشی سیاسی ئێران، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سووریە، عێراق، پڕۆسەی دیالۆگی p.k.kلەگەڵ دەوڵەتی توركیە، كێشەی رێژیمی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا ‌و هاتنە سەر كاری سەركۆمار حەسەن رووحانی ئاڵوگۆڕی بیرورا كرا.
هەیئەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر ئوپۆزیسیۆنی ئێران ‌و رۆڵی سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، خەباتی نەتەوەكانی ئێران ‌و رۆڵی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ باسێكیان هێنایە گۆڕێ‌.

رێزدار هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات وێڕای پێشكەش كردنی باسێكی سیاسی، وڵامی سەرجەم پرسیارەكانی شاندی میوانی دایەوە.