کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە فینلاند: ئێران رێککەوتن دەکات، بەڵام پابەند بەو رێککەوتنانە نابێ

14:57 - 13 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە دیداری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، پرسی مافی مرۆڤ و بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران هاتنە بەر باس.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ \'\'شنە رەزاوی\'\' نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٨ی رەشەمە، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ \'\'تاڕیا کانتۆڵا\'\' یاریدەری تایبەتیی وەزیری کاروباری دەرەوە و \'\'جانێ هەیسکانێن\'\' بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ــ کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کۆبووەوە.
لەو هاودیتنەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات پرژایە سەر ناتەبایی کردارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەڵوێستەکانی لە بواری بەرنامەی ناوکی، رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەی جیهان و بەتایبەت ناوچەکە و وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە رواڵەت لەگەڵ وڵاتانی رێک دەکەوێت، بەڵام قەت ئەو رێککەوتنانە لە کردەوەدا جێ‌بەجێ ناکات و بە لەبەر چاوگرتنی پێشینەکەی، تەنیا هەوڵی ئاڵۆزاندنی بیروڕای گشتیی جیهان دەدات.
رەزاوی وێڕای ئاماژە بەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەکان لەرێگەی دێپلۆماسییەوە بە دروست و ئوسوولی دەزانێت، سەبارەت بە رێککەوننامەی ژنێڤ کە رێژیمی ئێران و وڵاتانی ١ + ٥ واژۆیان کردووە، وتی: وڵاتانی رۆژئاوایی بە لابردنی هەندێ لە گەمارۆ ئابوورییەکان، لە کردنەوەی درگاکان بەڕووی ئێراندا پەلەیان کردووە و لابردنی گەمارۆکان دەستی رێژیمی ئێرانی لە هەناردنی یارمەتییەکان بۆ گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان و رێژیمی بەشار ئەسەد ئاوەڵاتر کردووە و هیچ کاریگەرییەکی لە باشتربوونی ژیانی ئابووری خەڵکدا نەبووە.
نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند، وتیشی: رێژیم بۆ مانەوەی خۆی لە هەموو شێوازەکان کەڵک وەردەگرێ و رێککەوتنی ژنێڤیش رەنگە بە شێوەیەکی کاتی پێشگیری لە بەرەوپێش چوونی بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە بگرێت، بەڵام وازهێنان لە بەرنامەی ناوکی بۆ رێژیمی ئێران هێڵی سوورە.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو هاودیتنەدا داوای لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کرد، کە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت مافی نەتەوەکانی ئێران و لەوانە نەتەوەی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا بهێننە بەر باس.
رێژەی حەشیمەتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و دۆخی ئابووریی ئاستی خۆش‌بژویی دانیشتوانی ئەو بەشەی کوردستان، بەشێکی دیکەی باس و بابەتەکانی ئەو دیدارەی پێکهێنابوو.
لە کۆتاییدا هاودیتنەکەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند لەسەر بەردەوامیی پێوەندییان پێداگرییان کردەوە.