کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی پارلمانی ئوتریشی کرد

14:46 - 27 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: رۆیشتنی محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی بۆ سویس، هەوڵەکانی د. پیلتز لەو دۆسیەیەدا و هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان نوێنەرایەتیی حیزب و پارلمانی ئوتریش، لەو سەردانەدا تاوتوێ کران.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەمه، رێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، \'\'هیوا بەهرامی\'\' نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئوتریش، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ \'\'د. پێتر پیلتز\'\' ئەندامی پارلمان له فراکسیۆنی پارتی سەوز کۆبووەوه.
پرسی رۆیشتنی محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی، بەرپرسی تیمی تیرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی له ڤییەن، بابەتی سەرەکیی باسەکانی ئەو چاوپێکەوتنە بوو.
نوێنەری حیزب وێڕای سپاس و پێزانین بۆ هەوڵەکانی د. پیلتز له پێوەندی لەگەڵ گرێنگیدان بەم دۆسیەیە، هیوای خواست که بەڕێزیان، وێڕای چەندین ئەندام پارلمانی دیکه که لەم رۆژانەی دواییدا بەدواداچوونیان بو ئەم پرسه کردووه، له هەوڵەکانیاندا بەردەوام بن.
دواتر نوێنەری حیزب چەندین زانیاریی گرینگی سەبارەت به رۆیشتنی سەحراڕوودی بۆ سویس، رادەستی د. پیلتز کرد.
له کۆتاییدا هەردوولا لەسەر ئەوه ساغ بوونەوە کەله داهاتوودا هاوکاری و هاوئاهەنگیی چڕیان بۆ بەدواداچوونی جیدیی ئەو پرسه هەبێت.