کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شۆرای ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست بەشداریی کرد

12:55 - 25 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە شۆرای ئیترناسیۆناڵ سوسیالیستدا بەشداریی کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو شۆرایە کەلە رێکەوتی ٢٠ و ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە شاری ئیستانبۆڵی وڵاتی تورکیە بەڕێوەچوو، قەیرانی نەبوونی دێموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا و هەڕەشەی ئەمنیەتی و نەبوونی ئاشتی و ئارامی لەم ناوچەیەدا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەو شۆرایە بوو.
لوقمان ئەحمەدی نوێنەری حیزبی دێموکرات بەشدار لەو کۆبوونەوەی وێڕای رەخنەگرتن لەوەی کە باسی نەتەوەی کورد لەو شۆرایەدا نەهاتووەتە ئاراوە، وتی: ٧ حیزبی کوردی لە چوار بەشی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کردووە بەڵام هیچ سەرنجێک لە پرسی کورد لەم ناوچانەدا نەدراوەتەوە.

7259.jpg

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەرواوێزی ئەو کۆبوونەوەیەدا چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی حیزبەکانی بەشدار ئەنجام دا و تێیدا کەموکۆڕییەکانی ئەو کۆبوونەوەی وەکوو، ئەوەی کە هیچ باسێک لە نەتەوەی کورد نەکراوە، هێنایە ئاراوە.
رەوتی لە سێداردانی زیندانییانی سیاسیی کورد و بەلووچ، خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و دێموکراسی و لە ئەنجامیشدا سەقامگیری و پەرەپێدانی دێموکراسی لە ناوچەکە، بەشێکی دیکە لە باس و دیدارەکانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا بوون.