کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەوڵاتی كانادا لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبۆوە

17:00 - 5 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەوڵاتی كانادا لەسەر كۆمەڵێك پرسی پێوەندیدار بە ئێران و كوردستان و هەروەها مێژووی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ خاتوو سوزان هیو كارناس لەوەزارەتی دەرەوەی كانادا كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەدۆخی رێژیمی ئێران و ئەو قەیرانانەی كە تووشی بووە كراوە و هەروەها پرسی بێ‌كارا بوونی بزووتنەوەی سەوزیش هاتۆتە گۆڕێ‌و نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەو باوەڕەدابووە كە ئەو بزووتنەوەیە هیچ دەسكەوتێكی لێ‌نەكەوتەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەوە كراوە بەپێی پێكهاتەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێران هیچ بزووتنەوەیەك بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویست و داخوازییەكانی گشت پێكهاتە نەتەوەییەكان ناتوانی سەركەوتوو بێ.
نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەبەشێكی تری باسەكەیدا پڕژاوەتە سەر پێوەندییەكانی كانادا و رێژیمی ئێران و هەوڵی داخستنی باڵوێزخانەی ئێرانی لەو وڵاتە بە گرینگ وەسف كردووە.
لەبەشێكی تردا باسی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ كراوە و نوێنەری حیزب وتوویەتی: كە لای هێندێ‌كەس و لایەن بیرۆكەی فیدراڵیزم وەك سیستمێكی دابەشكردنی دەسەڵات و سامان، بۆ نەتەوەی حاكم و باڵا دەست باش نییە و دژایەتی لەگەڵ دەكەن.
هەروەها لەسەر رێككەوتنامەی كۆمەڵە و حیزبی دێمۆكراتیش باس و لێدوان هاتۆتە گۆڕێ‌وباس لەنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان لەیەكتر كراوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەسەر ئەو گیر و گرفتانەی كە بۆ ئەندامان و كەسانی نزیك لەحیزبی دێمۆكرات لە بواری یاسایی و پەنابەرییەوە لە كانادا دێتە پێش ئاڵوگۆڕی بیرورا كراوە.