کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی بان کی‌مۆن لە دۆخی کوردە ئاوارەکانی چیای شنگال

22:22 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی کوردە ئاوارەکانی لە چیای شنگال نالەبار وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد یارمەتیی ئەم ئاوارانە بدەن.
رادیۆ فەردا لەزاری هەواڵدەریی رۆیتێرزوە بڵاوی کردەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی گەڵاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، بان‌کی‌مۆن سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی جەختی کردەوە کە دۆخی ئاوارەکانی چیای شنگال نالەبارە و داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد یارمەتی ئاوارەکان بدەن.

بان کی‌مۆن لە پێوندی لەگەڵ دۆخی نالەباری ئاوارەکانی کورد لە چیای شنگال لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتی: دۆخی نالەبارەی ئێزدییەکان و ئەو خەڵکەی کەلە چیای شنگال تووشی بوون، زۆر دڵتەزێنە و دۆخی ئاوارەکان لەو چیایە مەترسیدارە.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بۆ پاڵپشتی لە کوردە ئێزدیەکانی چیاکانی شنگاڵ زیاتر یارمەتی ئەو خەڵکە بدەن.

هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی چیای شنگاڵ پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر ئەو شارە پەنایان بۆ شاخ و کوێستانەکان برد و هەنووکە لە دۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین.

رۆژانە چەندین کەس لە ئاوارەکانی چیای شنگاڵ بەهۆی سەرما وگەرما و برسیەتی گیانیان لە دەست دەدەن.

لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، ژماری ئەو کەسانەی کەلە چیاکانی شنگاڵ گەمارۆ دروان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس دەبێت.