کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی رێژیمی ئێران لەمەڕ دامەزراندنی سیستمی مووشەکی \"پاتریوت\" لە تورکیە پەرەی سەندووە

15:07 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لە تازەترین دژ کردەوەدا حەسەن فیرووزئابادی دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی پاتریوتی لە سنووری تورکیە بە هەڕەشە ئامێز لەقەڵەم دا.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو باوەڕە دایە، ئەو سیستمە تەنیا بە مەبەستی بەرگریی لە وڵاتی ئیسراییل دادەمەزرێ‌.
چەند رۆژ لەمەوبەریش یەحیا رەحیم سەفەوی راوێژکاری رێبەری رێژیمی ئێران بۆ کاروباری نیزامی رایگەیاندبوو، دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە تورکیە بە پشتیوانی ئەمریکا جێبەجێ‌ دەکرێت و ئەو هەوڵە پەرە بە ئاڵوزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەدات.
ئەمە لەحاڵێک دایە که رێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی شومالی(ناتۆ)، رەزامەندیی خۆی لەگەڵ داواکاریی تورکیە لەمەڕ دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە باشووری ئەو وڵاتە دەربڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە رامین میهمانپەرەست لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا ئاشکرای کردبوو، دامەزراندنی ئەو سیستمە مووشەکییە دژی وڵاتی سووریەیە و ئەو هەنگاوە هیچ یارمەتێک بە چارەسەریی قەیرانی سووریە ناکات.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە هەتا ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە و ئەرتشی ئازاد رێژیمی تارانیان بە یارمەتی دانی بەشار ئەسەد بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی تاوانبار کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی رێژیم، وێڕای هوشداری دان بە لێپرسراوانی تورکیە وتبووی: دامەزراندنی سیستمی مووشەکی پاتریوت پەرە بە کێشە و ئاڵوزییەکانی ناوچەکه دەدات.
لەسەر داوای حکوومەتی تورکیە، سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە سنووری تورکیە ــ سووریە لەلایەن ناتۆوە دادەمەزرێت.
تورکیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو داواکارییەدا رایگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی بەرگری و پاراستنی سنوورەکانمان ئەو داواکارییەمان پێشکەش بە ناتۆ کردووە.