کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو هەڕەشەی لەنێوبردنی بەشار ئەسەدی لە ڕێژیمی ئێران کردووە

17:23 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی پلە بەرزی ئیسرائیل، هۆشدارییان بە ڕێژیمی ئێران داوە، کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، بە تەواوەتی حکوومەتی بەشار ئەسەد لەنێو دەبەن.

نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەمبەر هەڕەشە نوێیەکانی ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: ئیرادەی ئەم وڵاتە لە بەرگرییکردن لە خۆی تاقی مەکەنەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بنیامین نێتانیاهوو، ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی قوربانیانی هۆلۆکاست، باسی لەوە کردووە، دەیان ساڵ پاش نەمانی حکوومەتی نازییەکان، هەنووکە ڕێژیمی ئێران بیری لەنێوبردنی ئیسرائیلی لە مێشکدایە.

پاش ئەوەی کە عەلی‌ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی، ڕۆژی دووشەممە بۆ سووریە سەفەری کردبوو و لە دانیشتێنکدا لەگەڵ بەشار ئەسەد، وتبووی: جەنایەتەکانی ئیسرائیل بێوڵام نامێنێتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە و سووریە و لوبنان جیگیر بوون و حاڵەتی ئامادەیییان بە خۆ گرتووە.

هەڕەشەکانی ولایەتی، دوابەدوای کوشتنی چەند پاسدارێکی ئەو رێژیمە لە فڕۆکەخانەی شاری حومس بووە، کە ئێران و بەشار ئەسەد، وڵاتی ئیسرائیلیان بەوە تاوانبار کردووە، کە ئەو هێرشە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم هێرشە وە ئەستۆ ناگرن، بەڵام لەم ماوەدا کە دەستێوەردان و دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت سووریە زیادی کردووە، بەردەوام ڕایانگەیاندووە، کە ناتوانن جێگیربوونی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە قەبووڵ بکەن.