کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی فەزای ئامووزشی لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ

16:08 - 22 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی کوردستانی ئێران لە گەڵ کێشەی بێ ئیمکاناتی و بەتایبەت فەزای ئامووزشی بەرەوڕوون و ئەوەش بەهۆی هەژماری قوتابیان کێشەیەکی گەورەی لە سەرەتای ساڵی خوێندن بۆ قوتابیان دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی کوردستان لە ئیمکانات و خزمەتگوزاری بێبەرین و هاوکات لەگەڵ وەرزی دەسپێکی ساڵی خوێندن ئەو کێشەی زیاتر زەق دەبێتەوە.

بە پێی راپۆرتەکان، لەشاری شنۆ بەهۆی نەبوونی فەزای ئامووزشی لە قوتابخانەکان کێشە بۆ قوتابییان دروست بووە و قوتابیان ناچارن که لە دوو شیفتی بەیانیان و دوانیوەڕۆیان‌بڕۆنە قوتابخانەکان.

بەپێی ئامارەکان نزیک بە ١٤ هەزار قوتابیی لە ١٣٥ قوتابخانە لە شاری شنۆ دەرس دەخوێنن.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە فەزای ئامووزشی بۆ هەر قوتابییەک لە شاری شنۆ لە ئاستێکی کەم دایە و لەهەر قوتابخانەیەک ١٠٣ قوتابیی دەرس دەخوێنن.

زۆربەی قوتابخانەکانی شاری شنۆ بینای بچووک، کۆن و ناستانداردن و لە هەندێک لە پۆلەکانی وانەوتنەوە، ٣٥ قوتابی دەرس دەخوێین کە ئەوەش لەسەر ئاستی بیرکردنەوە، کۆنتڕۆڵی دەرس و دۆخی خوێندنی قوتابیان، کاریگەری دادەنێت.

شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، هەنووکە پێویستییان بە چەندین قوتابخانەی نوێ هەیە وبەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێرانیش بە درێژەدانی سیاسەتی هەڵاواردن بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان، هیچ هەنگاوێک بۆچارەسەری ئەو پرسە هەڵناگرن.

 نەبوونی فەزای ئامووزشی و بە تایبەت نەبوونی قوتابخانە لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی لە گوندەکانی کوردستان یەکێک لەو کێشەیانەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابیی بەوهۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە.