کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخوێندەواری لە کوردستان/ سنە، ئورمیە و خوراسانی باکوور، نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێران

18:05 - 5 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و پارێزگاکانی کوردستانی ئێران لەبارەی نرخی نەخوێندەوارییەوە لە ریزی یەکەمی پارێزگاکانی ئێران دان.
هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێران لە زاری بەرپرسی رێکخراوی ناسراو بە \'\'نهضت سواد آموزی\'\' پارێزگا سنوورییەکانی ئێران پلەی یەکەمی نەخوێندەوارییان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێراندا هەیە.

پارێزگاکانی سنە و ئورمیە و هەروەها پارێزگای کوردنشینی خوراسانی باکوور لەو پاریزگایانەی ئێرانن کە زیاترین رێژەی نەخوێندەواریان تێ دایە.

بەپێی ئەم راپۆرتانە، نرخی نەخوێندەواری لە نێو کچانی ئەو پاریزگایانە و بە تایبەت لە گوندنشینەکاندا لەسەدا ٣٠ زێدەترە.

بەگوێرەی دوایین سەرژمێریی ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە تێکڕای ٦٧ میلیۆن و ٦٨١ هەزار کەس لە حەشیمەتی ئێران کە تەمەنیان لە سەرووی ٦ ساڵ دایە، ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار کەس نەخوێندەوار و لە دۆخی پەروەردەی
٦٠٠ هەزار کەسیش هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی ٣٥ ساڵی دەسەڵاتداری رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، کوردستانی ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کەمترین پشکی خزمەتگوزارییان لە بواری پەروەردە و پێگەیاندنەوە بەرکەوتووە.

سیاسەتی سیستماتیکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ نەخوێندەوار راگرتنی خەڵکی کوردستان و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی ئێران و پێشگیری لە چوونە سەرێی ئاستی زانیاری وشیاریی خەڵک بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆی رەچاو کردووە.

وەرگرتنی پارە لە قوتابییان، دابین نەکردنی بوودجە لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، کەمیی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و پێداویستییەکانی دیکە بۆ قوتابخانەکان لە کوردستانی ئێران چەندین فاکتەر بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایەیە.