کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز، ڕسکانەوە و ڕاسان

00:37 - 1 خاکەلێوه 2717

کەریم پەرویزی

سروشت لە دیاردە دژبەر و پێکناکۆکەکاندا دەناسرێتەوە، ئەو کاتەی تاریکی و ڕووناکی، شین بوونەوە و وشکاندن، تینی هەتاو و سەهۆڵبەندان و سەرما، ڕەشەبا و شاخ، جووڵە و ڕاوەستان و .... لەبەرانبەر یەکدا ڕادەوەستن و پێکەوە و لە پێکهاتەیەکی پڕ لە داهێنان و نوێبوونەوەدا بە هەزاران سیماوە دەردەکەونەوە و ژیان دەنەخشێنن.

سەرمای ئێسک برژێن و سەهۆڵبەندان و بەستنی خاک و ڕێگەبەندان و ونبوونی ڕێچکەی گەیشتن بە ئاوەدانی، لەو دیاردانەن کە زستانیان پێ دەناسرێتەوە و سروشتی کوردستان، تێکەڵ بە مێژووی خاک و خەڵک، لەگەڵ ئەو جۆرە ڕووداو و سیمایانەدا ژیاوە و بە هەموو توانا و ورە و هێزەوە لەبەرانبەر ڕۆژگارە دژوارەکاندا ڕاوەستاوە و بە بەرخۆدان، ژیانی بەردەوام کردووە و لە نەورۆزدا بە ڕسکانەوە و چرۆکردن و ڕاسانەوە، ژیانی تێکەڵ بە شۆڕش کردووە، شۆڕشێک لەپێناو بەرهەمهێنانی ژیانی نوێ و داهێنان لە مێژوودا.

ڕەنگە لەلای زۆر نەتەوە و گەلی دیکە شتێکی سەیر بێتە بەرچاو کە بۆچی سەری ساڵ و نوێ بوونەوەی ساڵ لە لای کوردستان و خەڵکی کورد، لە باتی ئەوەی جەژنی ئاسایی بێ، هەمیشە بۆتە جەژنی شۆڕش و سەرهەڵدان و ڕاسانەوە؟

نەتەوە و گەلانی جیهان، لە سەری ساڵدا جەژن دەگرن و شایی دەکەن و سەردانی دۆستان و بنەماڵەکانیان دەکەن و ڕێوڕەسمی نەریتیی گەڕانەوە بۆ باوەشی بنەماڵە و شایی پێکەوەبوونیان هەیە. لای نەتەوە و گەلانی جیهان سەری ساڵ، بریتییە لە جەژن و پشوودان و ڕەوتی ئاسایی کار و تێکۆشان رادەوەستێ و پشوو و سەیران جێگای دەگرێتەوە، بەڵام کوردستان لە نەورۆزدا دەکوڵێ!

لای نەتەوەی کورد نەورۆز شۆڕشی ژیانە دژ بە ڕەهێڵەی مەرگ.
نەتەوەی کورد شتە نادیار و ناڕوونەکانی نەکردۆتە ڕەمزی سەری ساڵ و ساڵی نوێ، بەڵکوو هەستیارترین و جوانترین وەرز و قۆناغ، واتە ژیانەوەی سروشت و خاڵی بەرچاوی گۆڕینی ڕەوتی گەڕانی زەوی بەدەور خۆری هەقیقەتی‌دا کردۆتە خاڵی نوێ بوونەوە و لە نێو ڕسکانی هیوای ژیانێکی گەشتردا، ساڵ نوێ دەکاتەوە و ئاگر لە دەسەڵاتی زوقم و سەرما بەردەدا.

ئەمەیە ڕەمزی نەورۆز و ڕسکان و ڕاسانەوە لای نەتەوەی کورد و هەتا سروشت دەژیێتەوە و هەتا نەورۆز سەردەکەوێ، کوردستانیش بەپێوەیە و ڕەوتی مێژوو دەئاژوێ.

ڕاسان و جەژنی نەورۆز و ڕسکانەوەی هیوای سەرکەروتن بەسەر تاریکیدا، لە هەموو ئەویندارانی ئازادی و لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت لە شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات پیرۆز. شەهیدانی حەماسە مێژووییەکانی قەرەسەقەل و کۆساڵان چاویان لە نەورۆز و ڕاسانەوەمانە و نەورۆزیان لێ پیرۆز دەکەین و جامانەکەیان لە مل دەکەین.