کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

13:37 - 30 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: دوو شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکان هاوفکرییان کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزب، سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەوە بە سەرپەرەستیی \'\'عەبدوڵڵا موهتەدی\'\' سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە پێشوازیی لێکرا.
دوو هەیئەت لە باس و راوێژەکانی پێشوویاندا کۆمەڵێک بابەتی تازەیان لە پێوەندی لەگەڵ هەڵومەرجی ئێستای ئێران پاش هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی و چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە بارودۆخی ناوچە و جیهان و بەستێنی هاوکارییەکانی نێوان بۆچوونەکان، ئامادەگی خۆیان دەربڕی تا لە داهاتوودا گەڵاڵەی تایبەت بە هەرکام لە پرسەکان تاوتوێ و دەست نیشان بکەن و لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکی تازەدا لە هەر بوارێکەوە بێتە ئاراوە، هاوفکری بکەن و رێگای گونجاوی بۆ بگرنە بەر.
دیداری دوو هەیئەت لە کەش و هەوایەکی دۆستانە ‌و بە پێداگری لەسەر هاوفکری و هاوکاریی زیاتر، پاش چوار کاتژمێر کۆتایی هات.