کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندێکی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیست

18:54 - 5 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی کۆمەڵەی ــ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی کۆمەڵەوە بە سەرپەرستیی \'\'سید ئیبرایم عەلی‌زادە\'\' دەبیری یەکەم پێشوازیی لێ کرا.
لەو دیدارە دوستانەیەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی پێوەندیدار بە ئێران و ئەو ئاڵوگۆرانەی کە هاتۆتە ئاراوە، باسێک لەسەر بارودۆخی کوردستانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە وەک عیراق و سووریە و بەتایبەت بارودۆخی گشتیی کورد لەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا دابەش کراوە و ئەو ئاڵوگۆرانەی کەلە ناوچەکە رووی داوە، یان ئەگەری روودانی هەیە کەوتە بەر باس و لێکدانەوە.
هەر یەک لە سەرپەرستی شاندەکان هیجری و عەلی‌زادە لە روانگەی حیزبی خۆیانەوە لێکدانەوەی خۆیان لەسەر ئەو پرسانە باس کرد.
لەو هاودیتنەدا لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران لە ژیر گوشارەکانی رۆژئاوا و زیاتر داڕووخانی ئابوورییەکەی و بۆ مانەوەی رێژیمی ئیسلامی پاشەکشەی لە سیاسەتەکانی پێشووی لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی کردووە و ئامادەی دانووستانەکان لەگەڵ رۆژئاوا بووە و هەتا ئیستا شەرت و مەرجەکانی رۆژئاوای قەبووڵ کردوە، هاوڕا بوون.
هەروەها لەسەر ئەوە هاوڕا بوون: کە ئیستا کۆماری ئیسلامی سیاسەتی سازان لەگەڵ دونیای دەرەوەی لە پیش گرتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە سیاسەتی گرتن و زیندانیی ئازادیخوازان و ئیعدام لە ئێران درێژە پێ دەدات.
تەوەریکی دیکەی باسەکە لە ژێر رۆشنایی ئەو لێکدانەوەی بارودۆخی ناوچەکە و ئێران بۆ چۆنیەتیی کار و تێکۆشان و هاوکاریی نێوان دوو لایەن لەم قۆناغەدا و هەڵسەنگاندنی زەرفیەتی خەباتگێڕان لە ئێران و کوردستاندا تەرخان کرابوو.
یەکێک لە بەشدارانی دیدارەکە بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی رایگەیاند: دیارە هەر دوو شاندەکە سەرەڕای جیاوازیی لێڕوانینەکانیان لەسەر بەشێکی زۆری باسکەکان هاوڕا بوون.
دوو لایەن لە سەر ئەو بڕوایەدا بوون کە سەڕەرای جیاوازیی دید و بۆچوونەکان دەبێ لەسەر خاڵە هاوبەشەکان هاوکاری دوو لایەن بەردەوام بێت.