کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندێكی حیزبی دێمۆكرات و یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان

17:52 - 28 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكرات لەناوەندی ٣ی كوردستان بە سەرپەرستی سەدیق دەروێشی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، سەردانی مەڵبەندی ٣‌ی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری هەولێریان كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شاندی ناوەندی ٣ی كوردستان لەگەڵ شاندێكی مەڵبەندی ٣یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرستی سەعدی ئەحمەد پیرە لەشاری هەولێر كۆبوونەوە و لەدانیشتنەدا كۆمەڵێك پرس و بابەتی پێوەندیدار بە كوردەوە تاوتوێ‌كراوە.

سەرەتا بەڕێز دەروێشی تیشكی خستە سەر پێوەندییەكانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و باسی لەرابردووی ئەو پێوەندییانە كرد و وتی: هیوادارین كە ئەو پێوەندییە و هەروەها پێوەندی نێوان هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان پتەوتر بێ و هەوڵ بدرێ لەسەر بنەمای \'\'گفتمان\'\' ی نەتەوەیی گوتارێكی هاوبەشی سیاسی پێك بێت.

سەدیق دەروێشی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە پێكهاتنی كۆمیتەی كوردان دا و وتی: حیزبی دێمۆكرات ئەو كۆمیتەیە بە ئیی هەموو نەتەوەی كورد لەهەموو بەشەكانی كوردستان دەزانێت و لەدرێژەدا وتیشی: هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی نێوان توركیە و كوردەكانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندی نەتەوەیی و وەدیهاتنی ئامانجەكانی كوردی لێبكەوێتەوە.

هەڵوێستە سیاسییەكانی كوردستانی سووریە، دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی پێكەوە ژیانی دێمۆكراتیكانە لەئێران و كوردستانی رۆژهەڵات تەوەرێكی دیكەی قسەكانی بەڕێز سەدیق دەروێشی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی ٣ی كوردستان بوو.

لەبەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە وێڕای بەبیرهێنانەوەی پێوەندیەكانی حیزبی دێمۆكرات و یەكیەتیی نیشتمانیی وتی: ئاڵوگۆڕەكانی ناوچە و دۆخی هەنووكەیی خەباتی نەتەوەی كورد پێویستیی بەهاوهەڵویستی و یەكگرتوویی زیاتر هەیە.

سەعدی ئەحمەد پیرە پشتیوانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستانی لەرەوتی ئاشتی لەهەموو بەشەكانی كوردستان بەتایبەتی پڕۆسەی ئاشتەوایی توركیە و كوردەكانی ئەو وڵاتە دەربڕی.