کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤هاووڵاتیی لەناوچەی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی هێزە نیزامییەكان بوونە قوربانی

15:19 - 13 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: كۆڵبەرێك و سێ هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران كوژران و بریندار كران.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئازاد (نازار) مورادی كۆڵبەری كورد و خەڵكی ناوچەی هەنجیر بۆسی سەلاسی باوەجانی لەخاڵە سنوورییەكانی باینگان كەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەكان و لەئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو برای ئازاد و هاووڵاتییەكی دیكەی ئەزگەلە بەمەبەستی بەدوادا چوون بە كوشتنی براكەیان چوونەتە پاسگای ئەزگەلە و هێزەكانی ئەو شوێنە لەبری وڵامدانەوە داویانەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لەئەنجامدا ئەو هاووڵاتییە بەناوی عوسمان كوژراوە و دووبرای (نازار) بریندار كراون.

رزگار و جەلال ناوی دوو كەس لەبریندار كراوەكانن و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەرمی كوژراوەكان وەرنەگیراونەتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان تەندروستی یەكێك لەبریندارەكان زۆر نالەبارە و مەترسیی گیانی لەسەرە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەرەتای مانگی پووشپەڕەوە بێجگە لەو ٤هاووڵاتییە سەلاسیە، سێ كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رێژیمی ئێران كوژران و بریندار كراون.