کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ هاووڵاتیی کورد لە مانگێکدا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون

22:44 - 31 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە دووهەم مانگی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا ٢٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە کوردستانی ئێراندا دەسبەسەر کراون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان ئێران تەنیا بۆ خۆی ١٠ کەس لەو ٢٠ هاووڵاتییەی دەسبەسەر کردووە و ژمارەیەکی دیکەشیان لەلایەن هێزەی ئینتزامی و ئیدارەی ئەماکینەوە دەسبەسەر کراون.

پۆلیسی رێگاوبان و هێزەکانی ئیدارەی \'\'منابع طبیعی\'\' واتە سەرچاوە سروشتییەکان، لەم مانگەدا دەستیان لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورددا هەبووە.

زۆربەی ئەم هاووڵاتییە کوردانە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، لە شارەکانی سنه، بانه، پاوە، روانسەر، رەبەت و سەقز بوون کە تۆمەتی زۆربەیان چالاکیی مەزهەبی بووە.

چالاکیی کرێکاری و هەڵگرتنی چەکوچۆڵ، تۆمەتی بەشێکی دیکە لەو هاووڵاتییانە بووە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاویدا ٢١ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بە هەژمارکردنی ئاماری مانگی خاکەلێوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە واتە لە دوومانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا ٤١ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەسبەسەر کراون.