کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی ئەفغانستان لەمەڕ دستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا ناڕازین

14:36 - 23 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: دوای دەستێوەردانەکانی ئەم دواییانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستاندا، ئەمجار نە تەنیا بەرپرسانی سیاسی بەڵکوو هاووڵاتییانی ناوچەی هەرات لە کۆنفڕانسێکی ڤیدئۆییدا سکاڵایان لەسەر رێژیمی ئێران لای سەرکۆماری ئەفغانستان ئەشرەف غەنی ئەحمەدزی تۆمار کرد.
هاووڵاتییانی هەراتی لە کۆنفڕانسێکی ڤیدئۆییدا رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٢ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە هەمبەر چالاکیی مافیاکانی رێژیمی ئێران و پێشگرتن لە رەوتی نۆژنکردنەوە لەو ناوچەیە لە وڵاتی ئەفغانستان نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

محەممەد رەفیق شەهیر یەکێک لە ئەندامانی پێشووی نوێنەرانی پارلمانی ئەفغانستان لەو کۆنفڕانس ڤیدیۆیەدا بەشدار بوو.

ناوبراو هەمبار نەکردنی ئاوی بەنداوی سلما کە لە نزیکی سنووری ئێرانە بۆ چالاکیی داگیرکەرانەی رێژیمی ئیسلامیی ئیران لەو ناوچەی ئەفغانستان گەڕاندەوە.

ویلایەتی هەرات یەکێک لە ویلایەتەکانی رۆژئاوای ئەفغانستانە کە لەگەڵ وڵاتی ئێران سنووری هاوبەشی هەیە و زۆربەی پرۆژە ئاوەدانکردنەوەکانی ساڵانی رابردوو بەهۆی ناسەقامگیری لەو ناوچەیە بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمنیەتی و نیزامیی ئەفغانستان نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیان نیگەرانیان دەربڕی بوو.

رێژیمی ئێران بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران هەروا بەردەوامە و کۆمەڵێک قەیرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە.