کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی مەهابادی بە تەقەی هێزەكانی رێژیمی ئێران كوژرا

17:47 - 3 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی كوردی ناوچەی گەوركایەتی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە گیانی لێ‌ئەستێنرا و دووی دیكەش بریندار كران.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سلێمان ئافرەیدوون تەمەن ٤٥ساڵ و خەڵكی ئاوایی كاوڵانی خوارووی سەر بە ناوچەی گەوركایەتی مەهاباد بێ ئەوەی هیچ تاوانێكی ئەنجام دابێت لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە گیانی لێ‌ئەستێنرا.
بەوتەی شایەتحاڵان، رێكەوتی ٢ی جۆزەردان هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران بەبیانووی زەوت كردنی كەلوپەلی كاسبكاران هێرشیان كردە سەر ئاوایی كاوڵانی خواروو و لەئەنجامدا شەڕ و تێك هەڵچوون لەنێوان دانیشتوانی ئەو ئاواییە و هێزەكانی رێژیم هاتە ئاراوە.
دوابەدوای هاتنە ئارای تێكهەڵچوون، هێزە ئینتزامییەكان دەستیان بەتەقە لە هاووڵاتیانی كورد كرد و لەئەنجامدا سلێمان ئافرەیدوون كە خێزانداریش بوو، گیانی لێ‌ئەستێنرا.

هاووڵاتییەكی مەهابادی بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا ٢ كەس لەدانیشتوانی ئاوایی كاوڵانی خوارووش بریندار كران و هێزە ئیتزامییەكان ژمارەیەكی دیكەشیان دەسبەسەر كرد.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەك لەچارەنووسی بریندار و دەسبەسەركراوەكان لەبەر دەستدا نیە.