کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە کامیاران کوژرا

21:52 - 9 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە رێگای گوندەکانی ئەڵک ــ سەراوکام سەربە شارستانی کامیاران، درایە بەر دەستڕیژی گوللـە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'جبرەییل مستەفایی\'\' کوڕی \'\'ئیبراهیم\'\' تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی \'\'سەراوکام\'\'ی سەربە شارستانی کامیاران، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، درایە بەر دەستڕێژی گوللـەی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ئەو شارە و کوژرا.

شایەتحاڵێکی رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: جبرەییل لە کاتێکدا بە مۆتۆر سیلکێت ویستوویەتی لە شاری کامیارانەوە بگەڕێتەوە گوندەکەی خۆیان، لە رێگای نێوان ئەڵک ــ سەراوکام، تەقەی لێ کراوە و لە ئەنجامدا بە زەبری گوللـەی هێزەکانی رێژیم گیانی لە دەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری تەقەی هێزاەکانی ئیدارەی ئاگاهی لەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست بڵاو نەبووەتەوە.

دەوترێ جبرەییل چەند رۆژ پێش کوژرانی لەگەڵ یەکێک لە مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بووەتە دەم قاڵی و هەر لەو دەمە قاڵەیەدا لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.