کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزەکانی رێژیم کوژرا

18:28 - 16 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەلاس باوەجانی بەهۆی دەستڕێژی گوللـەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەلاس باوەجانی بەناوی \'\'وەزیر مەحموودی\'\' تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی حوسێن لە کاتێکدا کە سەرقاڵی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی بووە، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەقەیان لێ کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە، وەزیر مەحموودی بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کراوە.

دەوترێ ناوبراو پاش ئەوەی کە تەقەی لێ کراوە، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری جوانڕۆ کراوە.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لێ دەکرێ و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا دەردەکەوێ هیچ چەشنە کەلوپەلێکی قاچاخیان پێ نەبووە.