کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا

21:53 - 30 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: تۆمەتی راگرتنی ئاڵای کوردستان، دەستبەسەری سێیەمین هاووڵاتیی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە لە شاری ئورمیە لێکەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، شەهاب نەورۆزی کوڕی حەیدەر خەڵکی گوندی هاشم ئاوای سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە، چەند رۆژ پێش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی راگرتنی ئاڵای کوردستان، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم دوای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، چەندین کتێبی کوردی و بەشێک لە کەلوپەلی شەخسی ناوبراویان زوت کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاریی‌یەک لە چارەنووسی شەهاب نەورۆزی لەبەر دەست‌دا نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک لەمەو پێش دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی راگرتنی ئاڵای کوردستان و نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر کیک لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون.

لە نێوەڕاستی مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵدا، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەعفەر میرزایییان بە تۆمەتی چنینی ئاڵای کوردستان لەسەر کڵاوی منداڵەکەی دەستبەسەر کرد و پاشان ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها لەو ماوەیەدا، سەلام ئەحمەدی خاوەنی شیرینی فروشیی لاوان لە ئورمیە پاش پشکنینی کۆمپیۆتێری دووکانەکەی و پەیدا کردنی وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر کیک لەلایەن هێزەکانی ئێدارەی ئەماکینەوە دەستبەسەر کرا.