کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکاریی شارەوانیی پاوە و گرووپێکی \"رانتخوار\'\'، زیانی ماددیی بە پیشەگەران گەیاندووە

20:42 - 14 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر گەڵاڵەی راگواستنی دووکانە پیشەیی‌یەکان، نۆژەنکردنەوەی ئۆتۆمبێل و کارگەکانی جۆشکاری بۆ دەرەوەی شاری پاوە تێپەڕێوە و بەهۆی دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان هاوکاریی رانتخواران\'\' ئەو گەڵاڵەیە بە تەواوەتی نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شارەوانیی شاری پاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ترافیک و سەروبەرکردنی پیشەگەران لە ئاستی شاری پاوەدا لەمەڕ راگواستن و ساماندانی شوێنی کاسبیی ئەو پیشەگەرانە، گەلاڵەیەکی داڕشتبوو و بۆ ئەو مەبەستە شوێنێکی تایبەتیی لە ٥ کیلۆمیتریی شاری پاوە بەناوی \'\'میراوا\'\' بۆ بیناکردنی شارەکێکی پیشەیی تەرخان کردبوو کە پاش ناونووسیی خوازیاران و کاسبکارانی پیشەگەر، هەنووکە پاش ١٠ ساڵ ئەو دووکانانە رادەستی کەسانێکی سەربە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەست و پێوەندییەکانی رێژیم کراوە.

لەم پێوەندییەدا پیشەگەرێکی پاوەیی بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'زۆربەی ئەو زەمین و دووکانانەی کە بۆ پیشەگەرانی پاوەیی لەبەر چاوگیرابوو، رادەستیان نەکراوە و دراوە بە دەست و پیوەندییەکان و کەسانی سەربە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هیچ پێوەندییەکان بە پیشەگەریی و کاری پیشەیی‌یەوە نییە\'\'.

ئەو پیشەگەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ وێڕای ئاماژە بەوە که شارەوانیی پاوە گوشاری بۆ دووکاندارەکانی هێناوە کە دووکانە میکانیکی و کارگە جۆشکارییەکانیان چۆل بکەن و بۆ دووکانەکانی شارۆچکەی سەنعەتی رابگوێزن، بەهای هەرکام لەو دووکانانە هەتا ١٠٠ میلیۆن تمەن هەڵکشا، وتی:

\'\'شارەوانیی پاوە لەگەڵ کەسانێکی نزیک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەست بە یەکیان کردووە و لەمەڕ چۆڵکردنی خێرای دووکانەکان و راگواستنیان بۆ شارەکی پیشەیی، گوشاریان بۆ پیشەگەرانی شاری پاوە هێناوە، ئەمەش گرانیی نرخی دووکانەکانی شارەکی پیشەیی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە: ئەو دووکانانە رادەستی کەسانێکی سەربە هێزە ئەمنیەتییەکان کراوە و بە حەزی خۆیان نرخی دووکانەکان دیاری دەکەن و ئەمەش قازانجێکی چەند میلیۆنیی لە مانگێکدا بۆیان بەدواوە دەبێت.

بەپێی راپۆرتەکان، پاش چۆڵکردن و راگواستنی دووکانەکان، زۆربەی دووکانی پیشەگەران لەنێو شاری پاوەدا، بە دانی بەرتیل و لە رێگەی \'\'رانتخواری\'\'یەوە بەکرێ دراونەتەوە.

لەم پێوەندییەدا دووکاندارێک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ماوەیەک پێش ئێستا بە بیانووی ترافیک و قەرەباڵغی و بە گوشاری شارەوانیی و ئیدارەی ئەماکین، ناچاربووم دووکانەکەم چۆڵ بکەم و دووکانێکی دیکە بە نرخێکی زۆر گران لە یەکێک لە دەوست و پێوەندییەکانی رێژیم لە شارەکی پیشەیی بکڕم. بەڵام پاش راگواستنی دووکانەکەم بۆ شارەکی پیشەیی هەنووکە دووکانەکەی پێشووم لەنێو شاری پاوە دیسان وەکوو دووکانی میکانیکی بە کرێ دراوەتەوە و شارەوانیش مۆڵەتی کاسبی کردنی پێداوە.

ئەو دووکاندارە وتیشی: ئەمە زیانێکی زۆریی مادیی بە ئێمە گەیاندووە و کە بەهۆی گوشاری شارەوانی و ناوەندە ئەمنیەتییەکان هاتووەتە ئاراوە و ناچار بووم دووکانەکەم بۆ دەرەوەی شار بگوازمەوە، بەڵام بە رانتخواری و دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان مۆڵەتی هەمان پیشە بە کەسێکی دیکە لە دووکانەکەی پێشوومدا دراوە.

مەودای دووری شارەکی پیشەیی پاوە، خاکی بوونی رێگای هاتوچۆی ئەو شارۆچکەیە و دەستێوەردان و دەسەڵاتی هێزە ئەمنیەتییەکان لە کڕین، فرۆشتن، بەکرێدان و دەرهێنانی مۆڵەت بە شێوەی نایاسایی لەنیو شاری پاوەدا لە گرینگترین کێشەکانی \'\'شارۆچکەیی پیشەیی\'\' شاری پاوە دێنە ئەژمار.