کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی زارەکیی چەند ئەندامێکی ئەلقاعیدە بۆسەر ئیمام جومعەی گوندێکی ناوچەی سەوڵاوا

23:46 - 1 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: ئیمام جومعەی گوندی بارام ئاوا سەربە بەخشی مەرکەزیی شارستانی سەوڵاوا، لەلایەن چەند ئەندامێکی ئەلقاعیدەوە هێرشی زارەکیی کرایە سەر و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە گوندی \'\'بارام ئاوا\'\' چالاکی و پڕوپاگەندە دەکەن، لە کاتی وتار خوێندنەوەی ئیمام جومعەی گوندەکەیان هێرشی زارەکییان کردە سەر و بوونە هۆی دروست بوونی پشێوەی و ئاڵۆزی لەو گوندە دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئیمام جومعەی گوندی \'\'بارام ئاوا\'\' لە کاتێکدا کە وتاری خۆی پێشکەش و باسی چالاکیی ئەندامانی گرووپی ئەلقاعیدەی لەو گوندەدا کردووە، لەلایەن ٣ ئەندامی ئەو گرووپەوە کە بە ئاشکرا لە ناوچەکەدا پڕوپاگەندە بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەکەن، هێرش زارەکیی کراوەتە سەر.

ئەو سەرچاوە وتیشی: ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە و کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستیی دیکە بە شێوەیەکی ئازادانە لە کوردستان چالاکی دەکەن و سەرەڕای ئەوەی کە فێرگەی نیزامییان هەیە، کۆبوونەوەی سیاسی و تەشکیلاتیش بەڕێوە دەبەن و لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ چەشنە بەربەستێکیان بۆ دروست ناکرێ و بگرە ئاسانکاریشیان بۆ دەکرێ.

ئەو چەند ئەندامەی ئەلقاعیدە کە ناوەکانیان لای ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' پارێزراوە، لە نێو خەڵکدا هەڕەشەی کوشتنیان لە ئیمام جومعەی گوندەکەیان کردووە.