کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی ئینتزامی و گاردی دژەشۆڕش شاری سەقزی تەنیوە/ دۆخی ئەمنیەتی بەردەوامە + وێنە

14:06 - 16 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: پاش لە سێدارەدانی ٣ زیندانیی سیاسی لە کوردستان، دۆخی ئەمنیەتیی شارەکانی سەقز، مەریوان و سنە تێکچووە و گاردی دژەشۆڕش لە زۆربەی شوێنەکاندا جێگیر کراوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تێکڕای مەیدان و شەقامەکانی شاری سەقزیان تەنیوە و هێزە گەشتییەکانیش بە بەردەوامی لە نێو شاردا دەسووڕنەوە.
هاووڵاتییەکی شاری سەقز بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەم بەیانییە هێزەکانی دژی شۆڕش و لیباس شەخسی و هێزی ئینتزامی لە تێکڕای شەقام و شوێنەگشتییەکانی شاری سەقز بڵاوەیان پێ کراوە و کەشێکی تەواو ئەمنیەتییان بەسەر ئەو شارەدا سەپاندووە.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: مەیدانی هەڵۆ، مەیدانی ئازادی، مەیدانی یادبوود، شارەبانی و چوارڕێیانی ئازادگان لە گرینگترتن شوێنەکانی شاری سەقزن، کە زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی شار ئەمنیەتی کراون.
لەلایەکی دیکەشەوە خێرایی ئینتێرنێت دابەزیوە و پێوەندیگرتن زۆر ئەستەم بووەتەوە و لە ئەنجامیشدا ناردنە دەرەوە و بڵاوکردنەوە و رووماڵی چالاکییەکان و رووداوەکانی نێو شاری سەقز ئەستەم بووەتەوە.
پاش ئیعدامی سێ لاوی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە شاری مەریوان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە شارەکانی سنە و سەقزیش هێزی دژەشۆڕش و لیباس شەخسی بە مەبەستی پێشگیری لە هەر چەشنە چالاکییەک جێگیر کراوە.
لە ماوەی ٨٧ رۆژدا واتە پاش هاتنە سەر کاری دەوڵەتی رووحانی هەتا ٨ی خەزەڵوەر، دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لانیکەم ١٩٨ کەسیان ئیعدام کردووە، ئەگەر ئەو رەوتە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە یەکەمین ساڵی دەسەڵاتداریی رووحانیدا ئێران رێکۆردێکی نوێ لە ئیعدام و پەت و سێدارە تۆمار دەکات.