کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە میلیشیاکانی سەربە رێژیمی ئێران پارێزگاری لە شاری بەغدا دەکەن

17:08 - 31 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی ناردنی هێزێکی زۆری نیزامی و چەکوچۆڵ بۆ عێراق، لە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بەردەوامە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عێراق رایگەیاندووە: هەنووکە ٥ گرووپی میلیشیایی شیعە مەزهەب پارێزگاری لە شاری بەغدا، پایتەختی وڵاتی عێراق دەکەن.

لە چەند حەفتەی رابردوودا، هێزە سوننە مەزهەبەکان لە پەراوێزی شاری بەغدا بە مەبەستی هێرش بۆسەر پایتەختی عێراق جێگیر بوون، بەڵام هەتا ئێستا لە هێرش کردن بۆسەر ئەو شارە سەرکەوتوو نەبوون.

هێزە چەکدارەکانی ناسراو بە \'\'مێهدی، بەدر، عەسائیب، ئەبولفەزڵ و موختار\'\' ناوی ئەو گرووپە چەکدارە شیعە مەزهەبانەیە کە پارێزگاری کردنی شاری \'\'بەغدا\'\'یان لە ئەستۆ دایە و لەلایەن سپای قودسی سپای پاسدارانی رێژیمەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئەو گرووپانە لە شاری بەغدا وێنە و دروشمی \'\'خومەینی و خامنەیی\'\'‌یان هەڵواسیوە.

بی‌بی‌سی لەم پێوەندییەدا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە پارێزگای دیالە بڵاوی کردبووەوە، پاش تەشەنەی تێکهەڵچوونەکانی عێراق، زیاتر لە ١٣٠ هەزار ئەندامی سپای پاسداران بە مەبەستی هاوکاری، راهێنان و راوێژ، رەوانەی ئەو پارێزگایە کراون.

هەروەها ماڵپەڕی رۆژنامەی گاردیەن لە زاری لێپرسراوێکی پایەبەرزی عێراقەوە بڵاوی کردەوە: لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار هێزی سەربازیی رێژیمی ئێران رەوانەی عێراق کراون.