کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم خوێندکارێکی کوردیان لە سەقز دەسبەسەر کرد

17:55 - 23 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: خوێندکارێکی کوردی زانینگەیەکی تاران و لە چالاکانی خوێندکاریی شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی سەقزەوە دەسبەسەر کرا.
\'\'سەردار پەرستار\'\' خوێندکاری کوردی زانینگەی ئازادی ئیسلامیی تاران ــ بەشی زانست و توێژینەوەکان ناسنامەی ئەو خوێندکارەیە کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا راگەیەنراوە و پاش دەسبەسەر کران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنکی نادیار راگوێزراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات چوونەتە ماڵی ئەو خوێندکارە کوردە و کامپیۆتەر و کەلەپولی تاکەکەسیی ناوبراویشیان زەوت کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەو چالاکە خوێندکارییە لەبەر دەستدا نییە.
پێشتریش لە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٢ کاتژمێر لێ‌پێچیەنەوە ئازاد کرابوو.
سەردار پەرستار لە نێوڕەاستەکانی مانگی پووشپەڕی ساڵی رابردووش پاش رەخنەگرتن لە سەعید جەلیلی کاندیدی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زانینگەی ئازادی ئیسلامیی تاران ــ بەشی زانست و توێژینەوەکان، لە زانینگە دەر کرا و مافی خوێندنی لێ سەندرایەوە.
ناوبراو پاش دەرکران لە زانینگە، بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بانگهێشت و لێ‌پێچینەوەی لێ دەکرێ.