کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە سایین قەڵا چوار هاووڵاتییان دەسبەسەر کرد

00:00 - 3 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سایین قەڵای سەر بە پارێزگای ئورمیە، ٤ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ئەو شارە بردووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٤ هاووڵاتیی کورد لە ئاوایی‌یەکانی سەربە شارستانی سایین قەڵا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات کران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی،‌ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ٣ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئاوایی قۆزلووی هەوشاریان بە ناوەکانی \'\'پەرویز قیسیی، کامیل سوهرابی و ئەسەد شامحەممەدی\'\' دەسبەسەر کرد.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە دوابەدوای دەسبەسەرکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە سایین قەڵا راگوێزراون.

هەر لە هەمان رۆژدا، پاش هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران بۆ ئاوای یەنگیجە، \'\'مەحموود میرزایی\'\' یەکێک لە دانیشتووانی ئەو ئاواییەیان دەسبەسەر کرد.

هەتا ئێستا ئەو کەسانە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین قەڵادا راگیراون وهیچ زانیارییەکی ورد و دروست لە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی٩٣دا، لانیکەم ٤٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەسبەسەر کراون.